پەیامێك لە شاسوار عەبدولواحید سەبارەت بە تۆپبارانی ئەمڕۆی زاخۆ لەلایەن توركیاوە


شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایدەگەیەنێت، تۆپبارانەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن توركیاوە بەهۆی لاوازی حكومەتەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانە.

شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ سەبارەت بە تۆپبارانی ئەمڕۆی سەیرانگەیەكی زاخۆ لەلایەن توركیاوە رایگەیاندووە "بۆردومانە دووبارەكانی توركیا بۆ سەر خاكی عێراق و شەهیدبوونی هاوڵاتیانی بێ چەك و بێتاوان لە ئەنجامی لاوازی حكومەتەكانی بەغدا و هەولێر و سەرقاڵبوونی حزبە دەسەڵاتدارەكانە بە دابەشكردنی كێكی دەسەڵات ناكۆكی لەسەر دابەشكردنی ئیمتیازاتەكان، بۆیە هەڵوێستەكان نابێت لە چوارچێوەی ئیدانە بمێنێتەوە".

ئەمڕۆ ناوچەیەكی گەشتیاری لە سنوری قەزای زاخۆ تۆپباران كرا و بەهۆیەوە ژمارەیەك گەشتیار كوژران و برینداربوون، سەرجەم بەرپرسانی عێراق و كوردستان سوپای توركیا بەو رووداوە تۆمەتبار دەكەن، وەزارەتی دەرەوەی توركیاش ئەو تۆمەتباركردنەی رەتكردەوە.



PM:10:35:20/07/2022