نوێنەری رێکخراوی (CPT) زانیاری نوێ لەبارەی هێرشەکەی دوێنێی تورکیا لە زاخۆ ئاشکرا دەکات

نوێنەری ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی زانیاری نوێ لەبارەی هێرشەکەی دوێنێی تورکیا لە زاخۆ ئاشکرا دەکات و دەڵێت" دوای ئەوەی كە توركیا بۆی ڕوون بۆوە كە گوندەكە چۆڵناكرێت، سوپای توركیا تۆپخانەكانی فەرماندار كرد بۆ تۆپبارانكردن و بۆردوومانكردنی دەوروبەری گوندەكە بە ئامانجی ئەوەی گوندنشینان گوندەكە بۆ سەربازەكانیان چۆڵبكەن". 

کامەران عوسمان، نوێنەری ڕێکخراوی (CPT) نێودەوڵەتی دوایین زانیارییەکان لەبارەی هێرشەکەی دوێنێی تورکیا لە قەزای زاخۆ ئاشکرا دەکات و دەڵێت" لە حوزەیرانی (٢٠٢٠)ەوە و لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەكانی چنگی ھەڵۆ و پڵنگدا، توركیا دوو بارەگای سەربازی لە چیاكانی خامتیر و گرێ كوخێ لە باكوری گوندەكە جێگیركردووە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامادەیی سەربازی توركیا و ھەبوونی قەرەقول لەو ناوچەیەدا بونەتە ھۆی چۆڵبوونی تەواوی گوندەكانی دەوروبەری پەرەخێ، لە ناویاندا گوندەكانی "دەشتە تەخ، شوشێ، سینۆمە، قەسرۆك، جوومە، ستەبلان، بھێرێ، شرانش-ئیسلام، شرانش-كریستیان و كەلوك" و لەكۆی ١١ گوندی ناوچەكە تەنیا دانیشتوانی پەرەخێ گوندەكەیان چۆڵنەكردووە و تۆپ و تەیارە و دوكەڵ نەیتوانیوە ھەواری باب و باپیرانیان پێ چۆڵبكات.

ڕوونیشیکردەوە، ساڵی پار سەربازانی توركیا لە بارەگا تازەكانیانەوە ھاتنە خوارەوە بۆ ناو گوندی پەرەخێ و ماڵ بە ماڵ ئاگاداریان پێدان بۆ جێھێشتنی گوندەكەیان، گوندنشینان بە تێكڕا بڕیاریاندا بە مانەوەیان لە گوندەكەیاندا ڕێگری لە پێشڕەوی خاكڕەوی توركیا بكەن بۆ ناو خاكی ھەرێمی كوردستان، چونكە دڵنیابوون كە ئەگەر توركیا بێتە گوندەكەوە ئەوا ھەرگیز جێی ناھێڵێت و گوندەكەیان وەك سەدان گوندی تری سەر سنور دەكات بە گۆڕەپانی شەڕ.

ئەوەشی خستەڕوو، لەدوای ئەوەی كە توركیا بۆی ڕوون بۆوە كە گوندەكە چۆڵناكرێت، سوپای توركیا تۆپخانەكانی فەرماندار كرد بۆ تۆپبارانكردن و بۆردوومانكردنی دەوروبەری گوندەكە بە ئامانجی ئەوەی گوندنشینان گوندەكە بۆ سەربازەكانیان چۆڵبكەن، تا ئەوە بوو لە ١٥ی حوزەیرانی ئەم ساڵدا بۆ یەكەمجار توركیا ناوەڕاستی گوندەكەی تۆپباران كرد و نەزیر عومەری جوتیار و محەمەدی كوڕی بەسەختی برینداركرد، ئەم ڕووداوە نەك نەبووە ھۆی چۆڵكردنی گوندەكە، بەڵكو خەڵكی گوندەكە بۆ ھاوینی ئەم ساڵ چەند ناوچەیەكی زیاتری گەشتیاریان لە گوندەكەیاندا دروستكرد و میوانداری و خانەخوێیەتی كورد و عەرەب و بیانیان دەكرد.

کامەران عوسمان لە بەشێکی تری بڵاوکراوەکەیدا باسی لەوەشکردووە، لە ڕووداوەكەی ٢٠ی تەمووزدا، توركیا لە سەبازگەی خاتیرێ-وە بە چوار تۆپ وەڵامی بەرگریكردن و مانەوەی مەدەنیانەی گوندنشینانی پەرەخێ'ی دایەوە و ڕقی دوو ساڵەی خۆی بەسەر گوندنشینان پەرەخێ و میوانەكانی ئەو گوندەدا ڕشت. توركیا بەم تۆپبارانە ویستی تەواوی گوندەكە لە ھاوڵاتیانی چۆڵبكات. لەدوای شەھیدبوونی ٩ ھاوڵاتی مەدەنی و برینداربوونی ٢٣ ھاوڵاتی مەدەنی تر، ھەم بۆ یاوەریكردنی بریندارەكان و ھەمیش بۆ خۆپاراستن لە ئەگەری بۆردوومانی تر، تەواوی  دانیشتوانی گوندی پەرەخێ، پاشنیوەڕۆی دوێنێ ڕوویانكردە زاخۆ و گوندەكەیان بەجێھێشت. 

وتیشی" درەنگانێكی دوێنێ شەویش، تاوەكو دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، بۆ ڕێگریكردنی لە خواستی توركیا لە ھاتنە خوارەوەی بۆ ناو گوندەكە، گوندنشینان پۆل پۆل گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان". 


PM:10:32:21/07/2022