شاسوار عەبدولواحید: بۆردومانی خاك، مانای بۆردومانی شەرەف و كەرامەتتانە


شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایدەگەیەنێت "لە بۆردومانەكاندا هەڵوێستەكان نابێت لە چوارچێوەی ئیدانە بمێنێتەوە، بۆردومانی خاكتان، مانای بۆردومانی شەرەف و كەرامەتتانە".
 
شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەیامێكدا رایگەیاندووە "بۆردومانە دووبارەكانی توركیا بۆ سەر خاكی هەرێم و  عێراق و شەهیدبوونی هاوڵاتیانی بێ چەك و بێتاوان لە ئەنجامی لاوازی حكوومەتەكانی بەغدا و هەولێر و سەرقاڵبوونی حزبە دەسەڵاتدارەكانە بە دابەشكردنی كێكی دەسەڵات ناكۆكی لەسەر دابەشكردنی ئیمتیازاتەكان. بۆیە هەڵوێستەكان نابێت لە چوارچێوەی ئیدانە بمێنێتەوە. بۆردومانی خاكتان، مانای بۆردومانی شەرەف و كەرامەتتانە".

پاشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە تۆپبارانی سەیرانگەی گوندی پەرەخ لە ناوچەی زاخۆ لە سنوری پارێزگای دهۆك كرا و بەو هۆیەوە 10 گەشتیاری عەرەب گیانیان لەدەستدا و 25ی دیكەش برینداربوون، دوای رووداوەكەش بەرپرسانی عێراق دەستبەجێ توركیایان بەو بۆردومانە تۆمەتبار كرد، بەڵام توركیا ئەو تۆمەتەی رەتكردەوە.



PM:10:29:23/07/2022