بەپێی راپرسییەکان هەدەپە لایەنی یەکلاکەرەوەیە

ئارام جەمال

لە تورکیادا دوو هاوپەیمانێتی نەیار بە یەکتر هەیە، کە دەکەونە کێبڕکێیەکی توندەوە لەپێناو بردنەوەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان و سەرۆکایەتی تورکیا، کە بڕیارە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی (٢٠٢٣)دا ئەنجامبدرێت.  

بەرەی دەسەڵات پێکهاتووە لە هەردوو پارتی (ئەکەپە ) بە سەرۆکایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان و پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە) بە سەرۆکایەتی دەولەت باخچەلی، لە بەرامبەریشدا بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆن هەیە، کە لەم شەش حزبە پێکهاتووە: 

-  پارتی (جەهەپە) بە سەرۆکایەتی کەمال کلیچدار ئۆغلۆ  
-  پارتی (چاک) بە سەرۆکایەتی میراڵ ئەکشنار
-  پارتی (ئایندە) بە سەرۆکایەتی ئەحمەد داود ئۆغلۆ
-  پارتی (دیموکراسی و پێشکەوتن -DEVA) بە سەرۆکایەتی عەلی باباجان
-  پارتی (سەعادەت) بە سەرۆکایەتی تەمەل قەرە موللا ئۆغلۆ
-  پارتی (دیموکراتی تورکیا) بە سەرۆکایەتی گۆڵتکین ئویساڵ
ئەوەی هەتا ئێستا لە دەرەوەی ئەم دوو دژە بەرەیەدایە پارتی دیموکراسی گەلانە (HDP)، کە نوێنەرایەتی چارەسەرکردنی پرسی کورد دەکات لە تورکیادا.

هەموو ئەو راپرسیانەی لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا لەلایەن حەوت کۆمپانیای راپرسی تورکیاوە ئەنجامدراون، ئەو دەرەنجامە دەردەخەن کە:
- هیچکام لەو دوو بەرەیە بەبێ (هەدەپە) ناتوانن زۆرینەی رەها (٥٠+١) مسۆگەر بکەن.

- ئاستی جەماوەری پارتەکەی ئەردۆغان و باخچەلی دابەزیوە.
- ئاستی جەماوەری پارتەکەی میراڵ ئەکشنار بەرزبۆتەوە، کە لە مەهەپە جیابۆتەوە.
- پارتی (هەدەپە) پارێزگاری لە پێگەی خۆی کردووە و دەنگەکانی وەک خۆی ماوەتەوە.
دیارە ئەو کۆمپانیایانە هەیانە نزیکە لە ئەکەپەوە وەک کۆمپانیای (ئۆ ئاڕ سی)، هەشیانە نزیکە لە جەهەپەی ئۆپۆزسیۆنەوە وەک کۆمپانیای (مەترۆپۆل)..
بۆ زانیاری زیاتر لەبارەی ئەنجامی راپرسییەکانەوە، سەیری ئەم خشتەیەی خوارەوە بکە:


PM:12:07:24/07/2022