لەبارەی ناردنی ٢٠٠ ملیار دینارەکەی بەغدا سپی زانیاری نوێ دەخاتەڕوو

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٦ ی تەمووز، ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند  "پاش ڕەتكردنەوەی سكاڵایەك لەسەر ٢٠٠ ملیار دیناره‌كەی هەرێمی كوردستان لەلایەن دادگای فیدراڵی پێویستە بەغدا بەردەوام بێت لە ناردنی ٢٠٠ ملیارەكە".

 

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی له‌ پەرلەمانی عێراق  ئاشکرای کرد "ئێستا ئاسۆیەك پەیدا بووە بۆ ئەوەی دووبارە دەست بە ناردنەوەی ٢٠٠ ملیار دینارەكەی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بكرێتەوە".

 

ئەو ئەندام پەرلەمانە باسیلەوەشکرد، دوای بڕیارێكی دادگای فیدراڵی، ئێستا دەبێت ٢٠٠ ملیارەكە بەردەوام بێت، دەشڵێت "دوای رەتکردنەوەی دادگای فیدراڵی بۆ ئەو سکاڵایەی لەسەر ٢٠٠ ملیار دینارەكە هەبوو، ئێستا پێویستە و یاساییه‌ بەغدا بەردەوام بێت لەسەر ناردنی ئەو بڕە پارەیە، تاوەكوو پەسەندکردنی بودجەی داهاتووی عێراق".

 

حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت " لە ماوەی شەش مانگی ئەمساڵدا، تەنها دووجار ٢٠٠ ملیار دینارەكە لە لایەن بەغدا بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە كراوە، ٨٠٠ ملیار دیناری تریش دەبوایه‌ ڕەوانە بكرێـت، به‌ڵام ڕەوانە نەكراوە."

 



PM:05:10:26/07/2022