وەزارەتی تەندروستی ڤایبەر و وەتسئەپ و تەلەفۆن بۆ حاڵەتێك لە پزیشكان قەدەغە دەكات


وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەكارهێنانی هێڵەكانی پەیوەندی (تەلەفۆن، ڤایبەر، وەتسئەپ) لە پزیشكان بۆ كاتی ئێشكگری قەدەغە كرد.

بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ژمارە 10703، كە بە ئیمزای سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی  دەرچووە، تێیدا بڕیاریدا سەرجەم نەخۆشخانەكان ئێشكگری پێویست (پزیشكی پسپۆری تایبەتمەند) و (پزیشكانی نیشتەجێی دێرین) لە بەشە فریاكەوتنەكان دابنێن و پابەندی ئەم خاڵانەش‌ بن:

یەكەم: مانگانە خشتەی ئێشكگری بەفەرمانی كارگێری دەربچێت و هەڵبواسرێت.

دووەم: لەكاتی گۆڕینەوە پێویستە زووتر بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانە، سەرۆك بەش و سەرۆكی پزیشكان رەزامەند و ئاگاداربن.

سێیەم: پێویستە پزیشكی ئێشكگری پسپۆڕ و نیشتەجێی دێرین لە كاتی ئێشكگری بەردەوام لە نەخۆشخانە بن، نابێت لە دەرەوەی نەخۆشخانەوە كارەكان رایی بكەن.

چوارەم: نابێت پزیشكی پسپۆری ئێشكگری یان نیشتەجێی دێرین، لەكاتی ئێشكگری لە كلینیكی تایبەتی خۆی یاخود لە نەخۆشخانەی تایبەت بێت.

پێنجەم: بەكارهێنانی هێڵەكانی پەیوەندی (ڤایبەر، واتس ئاپ و تەلەفۆن) بۆ راوێژكردن لەكاتی ئێشكگری بەهەموو شێوەیەك قەدەغەیە، دەبێت ئێشكگر خۆی بۆ بینینی نەخۆش ئامادەبێت.



PM:08:33:26/07/2022