"محەمەد شیاع سودانی نەیاری سیاسەتی نەوتی هەرێمە"


پەرلەمانتارێكی كوردستان رایدەگەیەنێت "محەمەد شیاع سودانی كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق نەیاری سیاسەتی ئێستای نەوتی هەرێمی كوردستانە و باوەڕی وایە دەبێت كوردستان كۆی نەوتەكەی ڕادەست بكات".

عەلی حەمە ساڵح، سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاندووە "محەمەد شیاع سودانی، كاندیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، زۆر جیاوازە لە مستەفا كازمی، چونكە كازمی نەیدەویست ھیچ بەریككەوتنێكی لەگەڵ پارتی و یەكێتی ھەبێت، بەڵام دوای بڕیاری دادگای فیدڕاڵی و ھاتنی محەمەد شیاع سودانی بۆ سەرۆك وەزیران و پێكھێنانی حكومەتی نوێ لەلایەن چوارچێوەی ھەماھەنگیەوە؛ ھەرگیز دۆسیەی نەوت وەك جاران نابێت بۆ ھەرێم، یان ڕێككەوتن و ڕادەستكردنی نەوت یان فشاری زۆر".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "ھیوام وایە خەڵكی كوردستان نەكرێتە قوربانی ئەم ناكۆكیە، بژاردەی دروست: ڕادەستكردنی نەوتە بە سۆمۆ لەبەرامبەر شایستەی دارایی ھەرێم و پێداچونەوەش بەگرێبەستەكان".
 
عەلی حەمە ساڵح دەڵێت "سودانی بەوە ناسراوە هەڵوێستەكانی لەسەر بابەتی نەوتی هەرێم زۆر توندە، ساڵی 2020 لە دیدارێكی تەلەفیزیۆنیدا وتی تاكە چارەسەر بۆ كێشەی هەرێم و بەغدا ئەوەیە كە هەرێم تەواوی نەوتەكەی ڕادەستی سۆمۆ بكات، جگە لەوە هەر چارەسەرێكی تر بكرێت كاتییە و هەرێم داهات ڕادەست ناكات، چونكە ئەو پێی وابو هەر حەلێكی تر بكرێت دەبێت 30 ڕۆژ جارێك بەغدا و هەولێر هەر خەریكی چارەسەری كێشە بن".

دوێنێ سەركردە و پەرلەمانتارەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە بەغدا كۆبونەوە و بەكۆی دەنگ (محەمەد شیاع سودانی)یان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق و پێكهێنانی حكومەت كاندید كرد.




PM:09:27:26/07/2022