"تاوانەكانی بازرگانی بە مرۆڤەوە، كەسانی بیانی ئەنجامی دەدەن"



بەرپرسێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت "زۆربەی ئەو تاوانانەی تۆمار دەكرێن لە ھەرێمی كوردستان و تایبەتن بە بازرگانی بە مرۆڤەوە، لەلایەن كەسانی بیانی ئەنجام دراون".

بەڕێوەبەری تاوانە ڕێكخراوەكان لە وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند، بە تۆمەتی بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە ژمارەیەك كەسی بیانی لەلایەن دادگاكانی ھەرێمی كوردستانەوە سزادراون، دەشڵێت، حەوت كەیس یەكلا كراونەتەوە و تاوانەكانی بازرگانی بە مرۆڤ زیاتر لەلایەن كەسانی بیانییەوە دەكرێن.  

عەقید دارا فاروق، بەڕێوەبەری تاوانە ڕێكخراوەكانی وەزارەتی ناوخۆ ئەمڕۆ یەكشەممە 31-7-2022 بە میدیای فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاندووە "ڕۆژی ٣٠/٧ی ھەموو ساڵێك بەپێی بڕیاری نەتەوە یەكگرتووەكان ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانییە بە مرۆڤەوە، لەبەرئەوەی حكومەتی عێراقیش ئەو یاسا نێودەوڵەتییەی پەسەند كردووە و یاسای بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەركردووە و لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە بە یاسای ژمارە ٦ ساڵی ٢٠١٨ بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی بە مرۆڤەوە پەسەند كراوە.''  

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "زۆربەی ئەو تاوانانەی تۆمار دەكرێن لە ھەرێمی كوردستان و تایبەتن بە بازرگانی بە مرۆڤەوە، لەلایەن كەسانی بیانی ئەنجام دراون، نەك ھاوڵاتی عێراقی و ھەرێمی كوردستانی، ھەر حاڵەتێك تۆمار كرابێت، ئەوە یەكسەر بەدواداچوونی بۆ كراوە و ڕێكاری یاسایی گیراوەتە بەر و دوای پشتڕاستكردنەوەی ڕەوانەی دادگا كراون بۆ ئەوەی بەپێی یاسا سزا بدرێن، تا ئێستا حەوت كەیس یەكلا كراونەتەوە و لەلایەن دادگای ھەرێمی كوردستان و تاوانبارانەوە سزا دراون بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی بازرگانی بە مرۆڤ".



PM:10:44:31/07/2022