"تەنها لە پێنج ساڵدا ٧٢ بەرپرسی پلە باڵا بەهۆی سکاڵای گەندەڵییەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کراوە"

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لە هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت" لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، (٧٢) بەرپرسی پلە باڵا، لەسەر دۆسیەکانی گەندەڵی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە". 

ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" لە ساڵانی (٢٠١٧ بۆ ٢٠٢٢) دا لەلایەن دادوەرانی لێکۆڵینەوەی دەستپاکییەوە، وەک تۆمەتبار لێکۆڵینەوەی لە دۆسیەکانی (٧٢) بەرپرسی پلە باڵا و پلە تایبەت کراوە، کە پێکهاتوون لە شەش وەزیر، یەک سەرۆکی دەستە، شەش بریکاری وەزیر، یەک پەرلەمانتار، پێنج راوێژکار، (٣٤) بەڕێوەبەری گشتی، یەک پارێزگار، پێنج قایمقام، چوار سەرۆکی فەرمانگە و هەشت ئەندامی ئەنجوومەن". 

ئەوەشی خستەڕوو، لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا، (٧٩٩) دۆسیە تۆمارکراون، هەروەها (١٣٨) دۆسیە رەوانەی دادگاکان کراون، هەر لەمساڵیشدا (٤٠) دۆسیەی دەستەی دەسپاکی، لە دادگاکان بڕیاریان لەسەر دراوە.

ئەحمەد ئەنوەر ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێک لەو سزایانەی لەسەر دۆسییەکانی گەندەڵی لە دادگاکان دەرکراون، سزای سوکن و بە پێویستی دەزانێت، سزاکان توندتر بن، بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی باسی لەوەشکرد، زیاتر لە چوار ساڵە داوای تەرخانکردنی دادگایەک دەکەین، بۆ دۆسییەکانی گەندەڵی و جیاکردنەوەیان لە دۆسییەکانی دیکە، بڕیاریشدراوە لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی دادگاکانی تێهەڵچوونەوە، دادگا دیاریبکرێت بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر دۆسیەکانی گەندەڵی.

وتیشی" ساڵانە (١٠٠ تا ١٥٠) کەیسی گەندەڵی رەوانەی دادگاکان دەکەین، پێشبینی دەکەین بۆ ئەمساڵ زیاتر لە (٢٠٠) کەیسی گەندەڵی رەوانەی دادگاکان بکرێت".


PM:12:35:02/08/2022