لەگەڵ نزیکبوونەوەی خۆپیشاندانی نەوەی نوێ کە بڕیارە سبەی شەممە دوانیوەڕۆکەی سازبکرێت، هێزە ئەمنییەکان لە سلێمانی و هەولێر و دهۆک ١٨ خۆبەخشی نەوەی نوێ و رۆژنامەنووسی کەناڵی ئێن ئارتیان دەستگیرکردووە.
دوو رۆژ لەمەوبەر هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی ١٥ خۆبەخشی نەوەی نوێیان دەستگیرکردووە کە ٥ ئەندامی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ لە نێویاندایە، ئەوانیش: فاروق غەفور و هیمداد شاهێن و تەها ئەحمەد و ئازاد کەریم و یەعقوب کامل، هەروەها ١٠ خۆبەخشیش.
لە سنوری پارێزگای دهۆکیش ئەمشەو هەردوو رۆژنامەنووسی ئێن ئار تی، تائیف گۆران و بڕیار نێروەیی، هەروەها لە هەولێریش بەڕێوەبەری ئۆفیسی کەناڵەکە لەو پارێزگایە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە.
ئەو هەڵمەتەی هێزە ئەمنییەکان لە کاتێکدایە کە نەوەی نوێ سوورە لەسەر ئەنجامدانی خۆپیشاندانەکەی سبەی شەممە کاتژمێر ٥ ی دوانیوەڕۆ.