ئەمڕۆ سێشەممە، ٩ی ئابی ٢٠٢٢، بەهۆی ئامادە نەکردنی
راپۆرتی تێژەری بەندینخانە و نەگێڕانەوەی پەنجەمۆری بەشێک لە دەستگیراوانی بادینان،
بڕیاری داواکاری گشتی لەبارەی چارەنوسی دەستگیراوانەوە بۆ سبەینێ دواخرا.
بەشدار حەسەن سەرۆکی تیمی پارێزەرانی گیراوانی
بادینان رایگەیاند، "بڕیاربوو ئەمڕۆ داواکاری گشتی بڕیار لەبارەی چارەنوسی
ژمارەیەک لە گیراوانی بادینانەوە بدات بە ئازادکردنیان یاخود هێشتنەوەیان".
باسی لەوەشکرد، داواکاری گشتی بڕیاردانەکەی خستە
سبەینێ بەهۆکاری ئامادە نەکردنی راپۆرتی تێژەری بەندینخانە و نەگێڕانەوەی پەنجەمۆری
بەشێک لە دەستگیراوانی بادینان.
بەشدار حەسەن سەرۆکی تیمی پارێزەرانی گیراوانی
بادینان پێشتر، لە لێدوانێکیدا رایگەیاند "چاوەرێی داواکاری
گشتین بریار بدات بە ئازادکردنی پێنج دەستگیرکراوى شیلادزی یان ھێشتنەوەیان.
دەشڵێت "بە بڕوای ئەوان بڕیارەکەی داواکاری
گشتی ئەرێنی دەبێت، ئەگەر بێت و بڕیارەکە زوو دەربچێت بە ئەرێنی ئەوا بۆ نیوەرۆ جگە
لە پێنج گیراوەکەی شیلادزێ و چەند گیراوێکی تریش ئازاد دەکرێن، ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی
دەستگیرکراوان ١٧ کەسن و باری تەندروستی زۆربەیان خراپە و لە مانگرتن بەردەوامن.
ماوەی چەندین ڕۆژە گیراوانی بادینان مانگرتنیان
لە خواردن راگەیاندووە و بەشێک لەو گیراوانە پەیامیان ناردووە ئەگەر بە یاسا ئازاد
نەکرێن ئەوا دەبێت تەرمەکانمان لە زیندان بێننە دەرەوە.