ناوەرۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆکایەتی هەرێم ئاشکراکرا

ئەمڕۆ چوار شەممە، دووەم کۆبوونەوەی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان بە سەرپەرشتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەرۆکایەتی هەرێم بەڕێوەچوو.

کۆبوونەوەی لایەنەکانی هەرێم لە سەرۆکایەتی هەرێم و ئامادەیی نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کۆتایی هات، فەوزی هەریری، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بە میدیا کانی پارتی ڕاگەیاند  "ئیستا ئێمە سەرقاڵی نووسینی راگەیاندراوی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی نێوان سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەركردەی لایەنە سیاسییەكانین بە ئامادەبوونی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان". 

باسی لەوەشکرد،  كە گفتوگۆكان لەسەر ناكۆكییەكان بەردەوامن، "لە كۆبوونەوەكە پارتی پێشنیازی خۆی هەبوو بەوەی ٥٠٪ی كورسییەكانی پەرلەمان بە یەك بازنەیی هەڵبژێردرێن، 50٪كەی دیكە بە فرەبازنەیی بێت. بۆ بابەتی كۆمسیۆن، زۆربەی لایەنەكان لەگەڵ ئەوە بوون كۆمسیۆن كارا بكرێتەوە تا بتوانین بەروارێكی نوێ بۆ هەڵبژاردن دیاری بكەین". 

وتیشی  "لەسەر داوای جێنین بلاسخارت، نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بڕیار درا دوا كۆبوونەوەی ئەم بابەتە لە مانگی ئەیلوولدا بكرێت.

لە ماوەی ئەم چەند هەفتەیەی ماوە تا كۆبوونەوەی داهاتوو، لێژنەی سەرپەرشتیی ئەم گفتوگۆیانە كە لە سەرۆكایەتیی هەرێم پێكهێندراوە، لە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان بەردەوام دەبن، بە تایبەتی لەگەڵ پارتی و یەكێتی، هەفتانە كۆبوونەوەیەك یان دوو كۆبوونەوە دەكەن و دواتر راپۆرتێكی چڕ بۆ كۆبوونەوەكەی مانگی ئەیلوول ئامادە دەكەن". 



PM:03:57:10/08/2022