لە بارەی هەڵبژاردنەوە
کۆبوونەوەی سەرۆکایەتی هەرێم‌و لایەنەکان شکستی هێنا


ئەمڕۆ چوار شەممە بە ئامادەبوونی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان، لە سەرۆکایەتی هەرێم کۆبوونەوەی لایەنە سەرەکیەکان شکستی هێنا، لەبارەی دیاریکردنی کاتی هەڵبژاردن و یاسای کۆمسیۆن و پێکهاتەکان و پێکهاتەی کۆمسیۆنەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ( سپی ) راگەیاند " کۆبوونەوەی ئەمرۆش لەگەڵ بلاسخارت نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان و لایەنە سیاسییەکان لە سەرۆکایەتی هەرێم شکستی هێنا لە دیاریکردنی کاتی هەڵبژادنی پەرلەمانی کوردستان".

ئەو سەرچاوەیە وتیشی" لەبەرئەوەی هیچ رێککەوتنێک رووینەداوە لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن و پێکهاتەی کۆمسیۆن و رێژەی پێکهاتەکان، هەر بۆیە هیچ وادەیەکیش بۆ هەڵبژاردنی نوێی پەرلەمان دەستنیشان نەکرا".

لایەنەکان تەنها لەسەر ئەوە رێککەوتن کە وادەیەکی نوێ بۆ کۆبوونەوە لەسەرۆکایەتی هەرێم دابنێن کە سەرەتا مانگی داهاتوو دەبێت.

نەوەی نوێ وەک هەڵوێستێک بەرامبەر دەستگیرکردنی چالاکوانان و راگەیاندکار و کادیرەکانیان لە خۆپیشاندانی شەممەدا، بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد. 

تا ئێستا بلاسخارت نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق سێ کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنەکانی هەرێم لە بارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە ئەنجامداوە، بەڵام هیچ پێشکەوتنێک بەدی نەهاتووە، هەروەها بلاسخارت لەسەر هەمان پرس کۆبوونەوەی تایبەتی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و سەرۆکی لایەنەکانی تر و مەکتەب سیاسیەکان ئەنجامداوە، بەڵام سوودی نەبووە.




PM:04:02:10/08/2022