سلێمانی.. بەهۆی تەقەکردنی ئاسایشەوە گەنجێکی خوێندکاری زانکۆ گیان لەدەستدەدات

ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە بەهۆی تەقەكردنی چەند چەکدارێکی هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی، گەنجێكی خوێندکاری زانکۆ بریندار کرا و دوای چەند کاتژمێرێک بەهۆی سەختی برینەکەی گیانی لەدەستدا. 

لەمبارەیەوە عادل نووری، خاڵی گەنجە کوژراوەکە لە لێدوانێکدا بە میدیاکانی ڕاگەیاند" کاتژمێر (٥:٠٠)ی ئێوارەی ئەمڕۆ ١٤ی ئابی ٢٠٢٢، پەیوەندییان پێوە کردم و وتیان خوشکەزاکەت لەلایەن ئاسایشی سلێمانیەوە بریندارکراوە و لە نەخۆشخانەیە، کە رۆیشتم، بینیم هێزێکی زۆری ئاسایش ئەو ناوەی تەنیووە". 

ڕوونیشیکردەوە، رووداوەکە لە کۆڵانی گەراجەکە لە ئەسحابە سپی ڕووی داوە، بەپێی زانیارییەکانمان کە شایەتحاڵەکانی نزیک لە رووداوەکە پێیان داوین، دەڵێن ئاسایش بۆ دەستگیرکردنی کەسێک هاتوون و کەسەکە رایکردووە، دواتر هێزەکە دەستیان بە تەقەکردن کردووە، هەرچەندە خوشکەزاکەم هاواری کردووە و وتوویەتی بێتاوانە، بەڵام تەقە بەردەوام بووە تا بریندار بووە و دواتر گیانی لەدەستداوە. 

لەبارەی ناسنامەی گەنجە کوژراوەکە ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد، گەنجەکە ناوی ئەحمەد شەوکەتە و تەمەنی (٢٢) ساڵە و خوێندکاری دوا قۆناغی بەشی شیکاری نەخۆشییەکانە لە زانکۆی سلێمانی، كوڕێکی بێتاوان بووە و هیچ کێشە و گرفتێکی نەبووە. 

لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا خاڵی گەنجە کوژراوەکە داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەكان کرد، کە لەسەر ئەم ڕووداوە بێنە سەر هێڵ و دەڵێت" یاسا سەروەر بێت، بەرپرسانی باڵای وەزارەتی ناوخۆ، خۆیان سەرپەرشتی لێکۆڵینەوەکان بکەن". 

تا ئێستا بەڕێوەبەراتی ئاسایشی سلێمانی هیچ روونكردنەوەیەكی فەرمی لەبارەی ئەو رووداوەوە بڵاونەکردۆتەوە. 


PM:10:36:14/08/2022