بڕیارێكی گرنگ بۆ ماڵپەڕە سێكسییەكان لە كوردستان دەركرا


وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا كە سەرجەم كۆمپانیاكانی بواری ئینتەرنێت و مۆبایل پاكێجێكی نوێ  دروست بكەن كە تیایدا چەندین ماڵپەڕی سێكسی، قوماركردن، رێكلامی خواردنەوەی كحولی و چەك قەدەغە دەكرێن.
 
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە نووسراوێكدا كە ئەمڕۆ چوارشەممە 17-08-2022 دەریكردووە داوا لە كۆمپانیاكانی ئینتەرنێت دەكات پێویستە لە ماوەی مانگێكدا بڕیارەكە جێبەجێ بكەن و دەبێت پاكێجەكە لە رووی نرخەوە گونجاوتر بێت یاخود هەمان نرخی ئێستا بێت، هەروەها پێویستە خێرایی ئینتەرنێت لەو پاكێجە خێراتر بێت لەوەی كە ئێستا هەیە.
 
ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن بە (رووداو)ی راگەیاندووە "تێكدانی ئاسایشی پێكەوەژیان و كۆمەڵگە، بڵاوكردنەوەی رق و دووبەرەكی و توندوتیژی (ئایینی، نەتەوەیی) فلتەر و بلۆك دەكرێن.
 
وەكو لە نووسراوەكەشدا ئاماژەی پێكراوە ئەو ماڵپەڕ، ئەپلیكەیشن و پێگانەی بلۆك دەكرێن بریتین لەمانە (سووكایەتی بە ئاین، پێغەمبەران، كتێبە ئاسمانییە پیرۆزەكان و گشت ئایین و ئاینزاكانی كوردستان، تێكدانی ئاسایشی پێكەوەژیان و كۆمەڵگە، بڵاوكردنەوەی رق و دووبەرەكی و تووندوتیژی (ئایینی، نەتەوەیی)، پۆرنۆگرافی (ماڵپەڕە سێكسییەكان)، فرۆشتن و كڕینی چەك و تەقەمەنی، قومار بە هەموو جۆرەكانییەوە (ئەلیكترۆنی و هەر بابەتێكی دیكەی قومار)، دراوی ئەلیكترۆنی (هەموو جۆرەكانی)، هاندان و رێكلام بۆ جگەرە و خواردنەوە كحولییەكان،  سەرجەم بابەتی ماددە هۆشبەرەكان، هاندانی تووندوتیژیی خێزانی، تووندوتیژی لەگەڵ ئافرەت و منداڵ بە هەموو جۆرەكانیەوە، توندوتیژی دژی ئاژەڵ).



PM:07:39:17/08/2022