"داخستنی یەكجاریی ماڵپەڕە سێكسییەكان پێویستی بە یاسایە"


شارەزایەكی ئایتی رایدەگەیەنێت "بڕیارەكەی حكومەتی هەرێم بە هیچ شێوەیەك بۆ قەدەغەكردنی یەكجاری ماڵپەڕە سێكسییەكان و قومار و جۆرەكانی دیكە نیە، چونكە بلۆككردن و فلتەركردنی ئەم جۆرە ماڵپەڕانەی ناویان هاتوە پێویستی بە یاسایەك هەیە بەناوی سەلامەتی ئۆنلاین كە لە سەرچاوەكەوە بلۆكیان دەكات نە بە پاكێجێك".

حەكیم داود، شارەزای بواری ئایتی لە فەیسبووكی خۆی نووسیویەتی "ئەم بڕیارەی حكومەتی هەرێم بە هیچ شێوەیەك بۆ قەدەغەكردنی یەكجاری ماڵپەڕە سێكسییەكان و قومار و جۆرەكانی دیكە نیە، هەرچەندە بڕیارێكی باشە بەڵام ئەوە نییە كە داوامان ئەكرد، بەداخەوە زۆربەی میدیاكان وەك هەمیشە كەوتونەیە هەڵەیەكی گەورە كە دەنووسن حكومەت ئەو جۆرە ماڵپەڕانە بلۆك دەكات". 

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "ئەم بڕیارە دەڵێت، دەبێت كۆمپانیاكانی ئینتەرنێت پاكێجی خێزانیش بفرۆشن. واتە ئەوانەی ئەو جۆرە پاكێجەیان نییە هەموو ئەو ماڵپەڕانە لەلایان دەكرێتەوە. بۆ نمونە ئەگەر ئینتەرنێتی گۆران نێت، ئای كیو، كۆڕەك یان فاستلینكت هەبێ ئەو ماڵپەڕانە هەر دەكرێنەوە ئەگەر بە تایبەت پاكێجی خێزانیت نەكڕی بێت".

حەكیم داود نووسیویەتی "بلۆككردن و فلتەركردنی ئەم جۆرە ماڵپەڕانەی ناویان هاتوە پێویستی بە یاسایەك هەیە بەناوی سەلامەتی ئۆنلاین كە لە سەرچاوەكەوە بلۆكیان دەكات نە بە پاكێجێك".

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە نووسراوێكدا كە ئەمڕۆ چوارشەممە 17-08-2022 دەریكردووە داوا لە كۆمپانیاكانی ئینتەرنێت دەكات پێویستە لە ماوەی مانگێكدا بڕیارەكە جێبەجێ بكەن و دەبێت پاكێجەكە لە رووی نرخەوە گونجاوتر بێت یاخود هەمان نرخی ئێستا بێت، هەروەها پێویستە خێرایی ئینتەرنێت لەو پاكێجە خێراتر بێت لەوەی كە ئێستا هەیە.




PM:09:38:17/08/2022