" تەنها بە لە سێدارەدان لەبەردەکی سەرا کۆتایی بەم پاشاگەردانییە دەهێنرێت "


کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێت" زەوی فرۆشان و خانوو روخێنەران بەرۆژی رووناک و زۆر بێباکانە لە جادە و کۆڵانەکانی شارا ئەگەرین"، ئەو پێوایە کۆتایهێنان بەم پاشاگەردانییە لە بەردەرکی سەرا لەسێدارەدانە.

لە نووسینێکدا شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەڵێت " ئەو هێز جوڵانەی دوێنێ هیچ سوودی نییە و هیچ مافیایەک دەستگیرنەکراوە، ئەگەر بەقەدەر نووکی دەرزییەک سودی هەبووایە ئەمڕۆ لەسەر رووخاندنی کەشتی نوحەکەی سلێمانی خەبەرمان نەئەبوەوە ، ڕووخاندنی ئەو خانووەی مامۆستا "نەجمەدینی مەلا" یەک لە تاوانە گەورەکانە کە بەرامبەر بە سلێمانی کرابێت ، کاولکردنی ئەو خانووە سڕینەوەی مێژووی ئەم شارەیە".

ئەندامەکەی دەستەی کارگێری یەکێتی، دەشڵێت"  دیارە ناردنی هێز هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات و رێگری لە سەدبارەبوونەوەی ئەو تاوانە قێزەوەنانە ناکات کە بەرامبەر بەسلێمانی ئەکرێت چونکە زەوی فرۆشان و خانوو روخێنەران و موڵەت پێدەران و چاوپۆشی کەران هەموو بەرۆژی رووناک و زۆر بێباکانە لە جادە و کۆڵانەکانی شارا ئەگەرین !".
دەقی وتارەکەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: 
 
کەشتی نوح

دوێنی ووتی ووتی ناو شار باس و چیرۆکی ئەو هێزە بوو کە چوو بووە شارەوانی ، بێگومان هەموو کارێکی لەو شێوەیە کە هێزی جۆراوجۆر و رەنگاورەنگی تیا بەکار بێت رەنگدانەوەی جۆراوجۆریش بەدوای خۆیدا دێنێت ..

هەندێک دڵخۆش بوون بەوەی ئەوکارە ترس لای مافیاکان دروست ئەکات و چیتر دەست بۆ موڵک و ماڵی ئەم شارە نابرێت ، من خۆم کۆتایی چیرۆکەکەم نەزانی چی بوو، ئایا هیچ مافیایەک یان بەچکە مافیایەک دەستگیرکرا ؟ ئایا ئەو هەموو هێز و لێدوانە رۆژنامەوانی و روونکردنەوە و بێنە و بردەیە هیچ سودی ئەبێت ؟

ئەگەر بەقەدەر نووکی دەرزییەک سودی هەبووایە ئەمڕۆ لەسەر رووخاندنی کەشتی نوحەکەی سلێمانی خەبەرمان نەئەبوەوە ، ڕووخاندنی ئەو خانووەی مامۆستا "نەجمەدینی مەلا" یەک لە تاوانە گەورەکانە کە بەرامبەر بە سلێمانی کرابێت ، کاولکردنی ئەو خانووە سڕینەوەی مێژووی ئەم شارەیە ، لەناوبردنی یادگارییەکانی خەڵکی ئەم شارەیە و تاوانێکە کە نابێت بێ سزایەکی یەکجار قورس تێپەرێت و ناشبێت رێگە بەهیچ کەسێک بدرێت کە نە ئێستا و نە لەئایندەشدا هیچ پرۆژەیەک لەو شوێنە جێبەجێ بکات ، پێویستە ئەو شوێنە هەروا بەڕوخاوی بمێنێتەوە ، تا کەس جورئەتی ئەوە بە خۆی نەدات کە چاو ببڕێتە گەڕەک یان خانوویەکی کۆن و پێویستە هەر سێ لایەنەکە (شوێنەوار و وەبەرهێنان و ئەو لایەنەی کڕیویەتی) بۆ کردنی بە مۆڵ و بازار بەقورسترین شێوە سزابدرێن ..

هەروەک چۆن لە حاڵەتی فەرهودکردنی زەوی و زاری سلێمانی و هەروەها تەخشان و پەخشان کردنیدا تەنیا یەک کەس و یەک لایەن و یەک دەزگا و یەک فەرمانگە تاوانبار نیە بەڵکو هەموو ئەوانە تاوانبارن کە چاوپۆشی دەکەن و ئەوانەی بەشبەشی ئەکەن ئەوانەی ئەیفرۆشن و ئەوانەشی کە ئەیکرن لە رووخاندنی خانوە کۆنەکان و گەرەکە کۆنەکانی سلێمانیش هەر بەهەمان شێوەیە، بەڵام لەحاڵەتی ڕووخاندنی خانووە کۆنەکان تاوانباری سەرەکی بەرپرسی شوێنەوارە و دووای ئەویش وەبەرهێنان کە لەوە ناچێت بەرامبەر بە رووخاندی هیچ خانویەکی کۆنی ئەم شارە و کردنی بە مۆڵ و شوێنی بازرگانی لارییان هەبێت ..

دیارە ناردنی هێز هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات و رێگری لە سەدبارەبوونەوەی ئەو تاوانە قێزەوەنانە ناکات کە بەرامبەر بەسلێمانی ئەکرێت چونکە زەوی فرۆشان و خانوو روخێنەران و موڵەت پێدەران و چاوپۆشی کەران هەموو بەرۆژی رووناک و زۆر بێباکانە لە جادە و کۆڵانەکانی شارا ئەگەرین ..!!

ئەوەی کە کۆتایی بەم پاشاگەردانییە بێنێت ، بڕیارێکی جەریئانە و سەپاندنی سزایەکی کوشندانەی وەک لە بەردەرکی سەرا لەسێدارەدانە ..

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
١٧-٨-٢٠٢٢  



AM:02:03:18/08/2022