زیاتر لە ١٥ ملیار دینار زیان بەر كێڵگە پەلەوەرییەكان دەكەوێت


لەجەژنی قوربانەوە تا ئێستا زیاتر لە ١٥ ملیار دینار زیان بەر پرۆژەكانی بەرهەمهێنانی پەلەوەر كەوتووە و سەرۆكی كۆمەڵەكەش هۆشداری دەدات.

نازم عەبدوڵا جاف، سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاندووە، لەجەژنی قوربانی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا زیاتر لە ١٥ ملیار دینار زیان بەر پرۆژەكانی بەرهەمهێنانی پەلەوەر كەوتوە كە بەشێوەیەكی كەم ئەو بڕە باسكراوە كە ئەمەش گەورەترین زەنگی مەترسیە بۆ راوەستاندنی بەرهەمهێنانی مریشكی زیندوو.

ناوبراو ‎ئاماژەی بەوەكردووە "لەبیركردن و پشتگوێخستنی ئەم كەرتە لەلایەن حكومەتەوە دەرخەری ئەو راستیەیە گرنگی و هاندانی نیە بۆ بەرهەمی ناوخۆی هیچ بەرپرسیارێتیەك لە ئەستۆ ناگریت، ئەمەش ماڵوێرانی هەزاران خێزان بەدوای خۆیدا دەهێنێت".

نازم عەبدوڵا دەڵێت "لە هەموو عێراقدا نرخی عەلەف هەرزان بوە، بەڵام لەكوردستان هەر گرانە ئەمەش ئەو راستیەمان بۆ دەردەخات كە چاودێری لەسەر ئەو كارگانە نیە، بۆیە حكومەت پێویستە بێتە سەرخەت و چارەسەر بۆ بدۆزێتەوە تاخاوەن كێڵگەكان توشی كێشەی كۆمەڵایەتی و خێزانی نەبن".



PM:02:00:18/08/2022