لەبارەی بەکارهێنانی سفرەی سەفەری هۆشداری دەدرێت

سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە لە ڕاگەیەندراوێکدا كە ئاراستەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كردووە هۆشداری لە بابەتێکی مەترسیداری ژینگەیی دەدات و دەڵێت" ڕۆژانە لە هەرێم بە درێژایی، دوو هەزار و ٣٠٠ کیلۆمەتر سفرەی سەفەری (نایلۆن) فڕێدەدرێتە ناو سرووشتەوە". 

مەعروف مەجید، سەرۆکی رێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە لە نووسینێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" ڕۆژانە، بە درێژایی، ٢٣٠٠ کیلۆمەتر سفرە فڕێدەدرێتە ناو سرووشتەوە، ئەمە تەنها خێزانەکان، جگە لە چێشتخانە و فەرمانگە حکومییەکان و نەخۆشخانەکان و زیندانەکان و دەیان شوێنی تر، هەروەها ڕۆژانە زیاد لە حەوت هەزار تەن پاشماوە لە کوردستان بوونی هەیە (٣٥%)ی پلاستیک و نایلۆنە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێی دەستەی ئاماری هەرێم دانیشتوانی کوردستان، یەک ملیۆن و سەد و پەنجا هەزار خێزانن، ئەگەر ڕۆژانە هەر خێزانێک تەنها دوو مەتر سفرەی سەفەری بەکاربهێنن، کە دڵنیاین زۆر زیاترە، دەکاتە، (دوو ملیۆن و سێ سەد هەزار مەتر) سفرەی سەفەری و ٢٣٠٠ کیلۆمەتر لە ڕۆژێکدا، ئەگەر ئەو ژمارەیە بۆ مانگێک بێت یا بۆ ساڵێک بزانە دەکاتە چەند. 

دەقی نوسینەکە:   

جەنابی سەرۆکی حکومەت ئایا ئەم مەترسیە ژینگەییەش دەزانی   

سفرەی سەفەری دوژمنە سەرسەختەکەی ژینگە..  

لەم ڕۆژانەدا سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە کرد کاتێ بە فڕۆکە بەسەر ئاسمانی هەرێمدا تێپەڕیوە هەستی کردووە، کە ڕێژەی سەوزایی زۆر کەمە.  

منیش لێرەوە دەمەوێ بە کورتی باسی مەترسییەکی تری ژینگەی بۆ بکەم کە ئایا وەکو سەرۆکی حکومەت هەستی بەو مەترسییە کردووە، ئایا دەزانێ ڕۆژانە لەم کوردستانە بەهەزاران تەن پاشماوەی پلاستیکی و نایلۆن دەخرێتە ناو ژینگە و سرووشتەوە   

بە کورتی، ڕۆژانە، بە درێژایی، 2300 کیلۆمەتر سفرە فڕێدەدرێتە ناو سرووشتەوە...  

ئەمە تەنها خێزانەکان، جگە لە چێشتخانە و فەرمانگە حکومییەکان و نەخۆشخانەکان و زیندانەکان و دەیان شوێنی تر.....  

ڕۆژانە زیاد ( 7 )هەزار تەن پاشماوە لە کوردستان بوونی هەیە( 35%)ی پلاستیک و نایلۆنە......  

بەپێی دەستەی ئاماری هەرێم  دانیشتوانی کوردستان، یەک ملیۆن و سەدوو پەنجا هەزار خێزانن.  

ئەگەر ڕۆژانە هەر خێزانێک تەنها دوو مەتر سفرەی سەفەری بەکاربهێنن، کە دڵنیاین زۆر زیاترە، دەکاتە،( دوو ملیۆن و سێ سەد هەزار مەتر) سفرەی سەفەری.   

کە دەکاتە 2300 کیلۆمەتر لە ڕۆژێکدا، ئەگەر ئەو ژمارەیە بۆ مانگێک بێت یا بۆ ساڵێک بزانە دەکاتە چەند.....  

ئەوەی من باسم کردووە تەنها سفرەی سەفەرییە، جگە لە کیسی نایلۆن و دەبەی ئاوی پلاستیک و دەیان مەترسی تری پلاستیک کە بەبێ گوێدانە زیانەکانی لە بازاڕەکانی هەرێم هەڕاج دەکرێن و زۆرینەی بێبەرامبەر دەدرێت بە هاوڵاتیان، ئاخۆ کەی ڕۆژێک دێت ئێوەش وەکو وڵاتان بیر لە کەمکردنەوە یا قەدەغەکردنی مادە پلاستیکییەکان دەکەنەوە، هەر بۆ زانیاریتان، ئەگەر ڕۆژانە یەک لەسەر چواری هەرێم ئاوی دەبەی سەفەری بخۆنەوە دەزانی چی کارەساتێک ڕوودەدات، کە دەکاتەزیاد لە یەک ملیۆن و نیو دەبەی پلاستیکی، ئایا پرسیوتانە ئەو پلاستیکانە ڕیسایکڵین دەکرێتەوە یا ئەویش دەخرێتە ناو سروشتەوە و دواتر دەسوتێنرێت...  

من هەر جارەی بابەتێکی مەترسی دەخەمە ڕوو بەڵکو خوا بکات خۆت و حکومەتەکەت لایەنی کەم هەست بەو مەترسییانە بکەن ئەگەر چارەسەریشی نەکەن.  

مەعروف مەجید  

سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە  


AM:12:01:19/08/2022