رێنمایی بۆ تاقیكردنەوەكانی خولی دوەمی ١٢ی ئامادەیی بڵاوكرایەوە


وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە بەڕێوەچونی تاقیكردنەوە گشتییەكانی قۆناغی 12ی ئامادەیی خولی دووەم ژمارەیەك رێنمایی بڵاوكردەوە.

وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم ئەمڕۆ لە نووسراوێكدا كە ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەكانی كردووە رایگەیاندووە  "پشكنین بۆ هەمو خوێندكاران ئەنجام بدرێت پێش چونە ژورەوەیان بۆ هۆڵی تاقیكردنەوە، هیچ جۆرە ئامێرێكی ئەلیكترۆنی و زیرەك، كاتژمێری زیرەك و مۆبایل بەهەمو جۆرەكانیەوە رێگەپێدراو نابێت، هەر خوێندكارێكیش ئەو ئامێرانەی لەناو هۆڵی تاقیكردنەوە پێبگیرێت بە گزی تاقیكردنەوەكەی بۆ ئەژماردەكرێت".

هەروەها ئاماژەی بەوەكردوە "سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەر و یاریدەدەر و چاودێری هۆڵەكان نابێت بەهیچ شێوەیەك مۆبایل بەرنە ناو ناوەندی تاقیكردنەوە و هۆڵەكانی خوێندن، هەر حاڵەتێكی لەوجۆرە روبدات پێویستە لیژنەی لقی ئەزمونەكان راپۆرتی خۆیان بۆ لیژنەی باڵای ئەزمونەكان بنێرن و وادادەنرێت كە هاوكاری گزی كراوە و دەدرێت بە لیژنەی لێكۆڵینەوە لەسەر ئاستی وەزارەت".

نووسراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "هەر خوێندكارێك رەفتاری نابەجێ بەرامبەر بە ستافی چادێری تاقیكردنەوەكان ئەنجام بدات بێبەش دەكرێت لەتاقیكردنەوە و ئەنجامەكانی، ئەگەر فەرمانبەر یان میلاكی هەر وەزارەت و دامەزراوەیەكی دیكەی حكومەتی هەرێمیش بێت، بەڕێوەبەرایەتی یاسا لە وەزارەت و پەروەردە گشتیەكان، سكاڵای یاسایی لەسەر تۆماردەكات".



PM:03:06:19/08/2022