ئەمەریكا لەسەر رووداوەكانی ئەمڕۆی عێراق هاتە دەنگ


باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق داوا لەلایەنە عێراقییەكان دەكات كێشەكان بە گفتوگۆ چارەسەر بكەن.

ئەمڕۆ باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و  داوای لە لایەنەكانی عێراق كردووە خۆیان لە هەموو تووندوتیژییەك بەدووربگرن. 
 
لەو راگەیەنراوەدا هاتووە "لە نزیكەوە چاودێری ئەو راپۆرتانە دەكەین كە باس لە گرژییەكانی ئەمڕۆی بەغدا و بەردەم ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەكەن. داوا لە سەرجەم لایەنەكان دەكەین دان بەخۆیاندا بگرن و خۆیان لە هەر تووندوتیژییەك بەدووربگرن و سەرجەم ناكۆكییە سیاسییەكانیان لە رێگەی پڕۆسەیەكی ئاشتیانە لەسەر بنەمای دەستووری عێراق چارەسەربكەن." 
 
باڵیۆزخانەی ئەمریكا دەڵێت: "داوا لە خۆپێشاندەران دەكەین رێز لە رێكار و دامودەزگەكانی حكومەت بگرن كە موڵك و لەخزمەتی گەلی عێراقدان." 
 
بەیانی ئەمڕۆ لایەنگرانی رەوتی سەدر مانگرتنیان بردە بەردەم باڵەخانەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و داوایان كرد پەرلەمانی عێراق هەڵبوەشێندرێتەوە. دواتر ئەنجوومەنی باڵای دادوەری رایگەیاند، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاریاندا سەرجەم كارەكانیان رابگرن.
 



PM:07:32:23/08/2022