سەدر هەَڵوێستی خۆی بۆ كۆبوونەوەی سبەینێی لایەنەكان ئاشكراكرد


رەوتی سەدر رایدەگەیەنێت، سبەینێ بەشداری كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان ناكەن بۆ چارەسەری كێشە سیاسییەكان.

سەرچاوەیەكی باڵا لە رەوتی سەدر رایگەیاندووە، لە چەند ڕۆژی ڕابردودا چەندین هەوڵی زۆر لەڕێگەی هەندێك لایەنەوە دراون بۆ هاندانی ڕەوتی سەدر بەمەبەستی بەشداریكردن لە كۆبونەوە چاوەڕوانكراوەكەی هێزە سیاسییەكان لە كۆشكی سەرۆكایەتی حكومەت كە بڕیارە سبەی پێنجشەممە بەڕێوەبچێت.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، ڕەوتەكەیان ڕەتیدەكاتەوە بەشداری هیچ گفتوگۆیەك لەگەڵ هێزە سیاسییەكان بكات و مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران و لایەنە سیاسییەكانی نزیك لە خۆشی ئاگاداركردوەتەوە كە نابێت بەشداری بكەن.

ئەو سەرچاوەیە وتویەتی "بەشدارینەكردنی سەدرییەكان لە كۆبونەوەكەدا ڕەنگە ببێتە هۆی دواخستنی كۆبونەوەكە، هەمولایەك درك بەوە دەكەن كە بەشدارینەكردنی سەدریەكان لەم كۆبونەوەیەدا مانای ئەوەیە كە هیچ چارەسەرێك بۆ قەیرانەكە بونی نابێت".

بڕیارە سبەینێ جارێكی دیكە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەركردە و نوێنەری لایەنە سیاسییەكانی عێراق تایبەت بەدۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ دۆخی چەقبەستویی سیاسی ئێستای وڵات كۆببنەوە.



PM:09:28:24/08/2022