یەكەم لێدوانی سەرۆكی پێشووی شارەوانی سلێمانی سەبارەت بە دەستگیركردنی


سەرۆكی پێشووی شارەوانی سلێمانی رایدەگەیەنێت "دەستگیرنەكراوم و ئامادەم لە دادگا بێتاوانیم بسەلمێنم".

توانا كەمال، سەرۆكی پێشووی شارەوانی سلێمانی بە (پۆڵەتیك پرێس) میدیای نزیك لە یەكێتی نیشتمانی كوردستانی ڕاگەیاندووە "سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی باس لە دەستگیركردنم دەكەن دوورن لەڕاستیەوە، تا ئێستا یەك تەلەفۆنیشم بۆ نەهاتوە".

ناوبراو وتویەتی "ئەگەر دادگاش بانگهێشتم بكات بەپێی خۆم دەچم و بێتاوانی خۆم دەسەلمێنم، چونكە هیچ كاتێك كارێكی نایاساییمان نەكردووە و فەرمانی كاری نایاسایشمان لەكەسەوە پێنەدراوە، هیچ كاتێكیش ڕێگەمان بە كاری نایاسایی لە شارەوانی نەداوە".

ماوەی هەفتەیەكە بەرپرسانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و شارەوانی سلێمانی رایدەگەیەنن كە گروپی مافیایی سەبارەت بە فرۆشتنی زەوی لە سلێمانی دروستبوون و لە چەند رۆژی رابردووشدا دەیان فەرمانبەر و بازرگان و دەڵاڵ دەستگیركران، ئەمڕۆش وا بڵاوكرایەوە ژمارەیەك بەرپرسی شارەوانی لەسەر هەمان دۆسیە دەستگیركراون كە یەكێكیان توانا كەمال، سەرۆكی پێشووی شارەوانی سلێمانییە.

ئەو لێدوانە لە کاتێکدا کە چەند رۆژێکە ٥ بەرپرسی پێشوو و تازەی شارەوانی سلێمانی لەسەر بە تاڵانبردنی زەوی شارەوانی سلێمانی دەستەبەسەرن و لێکۆڵێنەوە لەگەڵ ئەوان و چەندان فەرمانبەر رۆژانە ئەنجام دەدرێت.




PM:11:19:24/08/2022