پێشبینی پایز و زستانێکی سارد و باراناوی دەکرێت


پسپۆرێکی بواری کەشناسی پێشبینی وررد لە بارەی کەشناسی پایز و زستان و بەهاری داهاتووەوە دەکات و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە پایز و زستان و بەهارێکی سارد و باراناوی دەبێت.

ئاراس جەبار پسپۆری بواری کەشناسی ئەمشەو هەینی ٢٦ ی ئاب بڵاویکردەوە" بە وەرگرتنی تێکرایی پێشبینی و خوێندنەوەی مۆدێلەکانی کەشوھەوا وەرزی پایز لەناوچەکانمان بەگشتی ئاستی بارانبارین لە خوار تێکرایی ئاسایی ئەبێت پلەکانی گەرما لە چاو ساڵانی ڕابردوو نزمتر ئەبێت و پایزێکی فێنکترمان ئەبێت".

هەروەها دەشلێت " وەرزی زستان ئاستی بارانبارین زیاد ئەبێتەوە بۆ ئاستی ئاسایی ساڵانە یان زیاتریش و پلەکانی گەرما بە زۆری لەخوار ئاستی ئاسایی ساڵانەوە ئەبن و زستانێکی سەخت و ساردمان ئەبێت لەگەڵ ھاتنی رێژەیەکی زیاتری شەپۆلە جەمسەریەکان لەچاو ساڵانی ڕابردوو و بارینی بەفری زیاتر لەناوچەکەدا و بەتایبەت ناوچە شاخاویەکان کە ئەمەش سودی بەرچاوی ئەبێت بۆ بوژاندنەوەی سەرچاوەکانی ئاوی ژێر زەوی و سەر زەوی".

ئەو پسپۆرە دەشڵێت " وەرزی بەھار ئاستی بارانبارین بۆ سەروو ئاستی ئاسایی ساڵانەش بەرز دەبێتەوە بەھارێکی پر باراناویمان ئەبێت".
ئاراس جەبار پێشبینیش دەکات " لەکۆتایدا ئەگەری ڕوودانی وشکە ساڵیمان نابێت بەپێی سەرجەم خوێندنەوەکان ئەم ئەگەرە لاوازە و لەسەرجەم ناوچەکان بڕی پێویست باران و بەفر ئەبارێت".

ئەو پسپۆرە لەبارەی ئەم پێشبینیەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە لەسەر ھیچ پێشبینیەکیش دڵنیای نادرێت کەشوھەوا سیستەمێکی پر لە گۆڕانکاریایە ئەمە دیاری کردنی مانگگیران و خۆرگیران نیە بە سیستەمێکی رێک بەرێوە بچێت بۆیە ھەندێک پۆست بەجۆرێ باس لە بابەتەکە ئەکەن ھیچ ئەگەرێکیان نەھێشتووە لە نوسراوەکانیاندا بە واتایەکی دیکە بەوپەری دڵنیایەوە زانیاری ئەدەن لەکاتێکدا ھەموو سیستەمی کەشناسی جیھانی کۆبکرێتەوە ناتوانرێت پێشبینیەک بەرھەم بھێنرێ کە لەسەدا سەد دڵنیاکەرەوە بێت بەتایبەت بۆ کەشی وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەراست کە ناجێگیرترین کەشوھەوای ھەیە لە ئاستی جیھاندا.



PM:11:34:26/08/2022