ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ٢٧ ی ئاب لە شاری هەولێر کەسێکی ٥١ ساڵە لەبەرچاوی مناڵە دە ساڵەکەی بە فیشەک كوژرا.
بەپێی زانیارییەكان، ئێوارەی ئەمڕۆ لەناو بازاڕی ئاردفرۆشانی شاری ھەولێر كەسێك بە دەستڕێژی گوللە كوژرا و لە ئێستادا ھێزە ئەمنییەكان لە شوێنی رووداوەكە لێكۆڵینەوە دەكەن و تا ئێستا نازانرێت ھۆكاری كوشتنەكەی چییە.
بەڕیوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "دوای ئەوەی ئاگادار كراینەوە بەبوونی ڕووداوێكی كوشتن لە كۆڵانی ئاردفرۆشان پێش تەكییەی شێخ عەبدولكەریم، دەستبەجێ هێزەكانمان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكە و دەركەوت كە كەسێكی تەمەن 51 ساڵ بەناوی (نامیق جەوهەر عەوڵا) كە خاوەن مۆلیدە بووە لە گەڕەكی مامۆستاییانی نوێ كوژراوە."
راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، " بكەری تاوانەكە دوو كەس بوون بەناوەكانی (س.ڕ) و (ڕ. ڕ.) هۆكارەكەشی بۆ كێشەیەكی كۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوە كە كوژراو دەكاتە كوڕی ئامۆزای بكوژ."
پۆلیسی هەولێر دەڵێت، "پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ئەم ڕووداوە كرایەوە و پۆلیس سەرقاڵی لێكۆڵینەوەیە بۆ گەیشتن بە هۆكاری ڕاستی ڕووداوەكە."