چوارچێوەی هەماهەنگی وەڵامی دەستپێشخەرییەكی سەدر دەدەنەوە



بەرپرسێكی چوارچێوەی هەماهەنگی رایدەگەیەنێت "دەستپێشخەری و تویتەكەی ئەمڕۆی نوێنەری موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر پێویستی بە دانیشتنی دیالۆگ و رونكردنەوە هەیە".

عارف حەمامی، نوێنەری ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگی لە لێدوانێكدا رایگەیاندووە "ناوەڕۆكی تویتەكەی نوێنەری سەدر پێویستی بە ڕونكردنەوە و دانیشتن و دیالۆگ هەیە بۆ هەمو لایەنە سیاسییەكان، كەواتە ئایا ئەوەی لە تویتەكەدا هاتوە تەنها چوارچێوەی هەماهەنگی دەگرێتەوە یان هەمو لایەنەكان دەگرێتەوە؟".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "ئایا لایەنە كوردی و سوننەكان ئەم خاڵانە قبوڵ دەكەن؟، بەتایبەتی سەبارەت بە بەشداریی ئەو لایەن و كەسایەتیانەی كە لە ساڵی 2003ەوە هاتونەتە ناو پرۆسەی سیاسی".

حەمامی روونیكردۆتەوە "هێزەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی سورن لەسەر هەڵوێستەكانیان كە دیالۆگ و گفتوگۆیە بۆ چارەسەری كێشەكان". 

ئەمڕۆ ساڵح محەمەد عێراقی كەسایەتی نزیك لە موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر كە بە (وەزیری سەدر) ناسراوە دەستپێشخەرییەكی نوێی بۆ نەهێشتنی گەندەڵی خستەڕو و رایگەیاند، "گرنگتر لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، بەشدارینەكردنی سەرجەم ئەو سەركردە و وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتیانەیە كە پێشتر پۆستیان لە هەڵبژاردنی نوێ و حكومەتی داهاتو وەرگرتوە ".




PM:08:46:27/08/2022