بڕیار لەسەر ناردنی ٢٠٠ ملیار دینارەکەی عێراق بۆ هەرێم دەدرێت

دادگای فیدڕاڵی عێراق لەبارەی سكاڵای پەڕلەمانتارێكی عێراقی كۆدەبێتەوە كە پەیوەندیدارە بە ناردنی ٢٠٠ ملیارەكەی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە.

 

بڕیارە ئەمڕۆ یەكشەممە ٢٨ی ئابی ٢٠٢٢ دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق لە بارەی سكاڵایەكی ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران كۆببێتەوە كە دژی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق تۆماركراوە و پەیوەندی بە ناردنی ٢٠٠ ملیار دینارەكەی بەغداوە بۆ هەرێمی كوردستان هەیە.

مستەفا سەنەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق سکاڵایکردووە و داوای كردووە هەموو ئەو بڕیارانە هەڵبوەشێندرێنەوە كە حكومەتەكەی مستەفا كازمی پشتی پێ بەستووە بۆ ناردنی ٢٠٠ ملیار دینارەكە بۆ هەرێمی كوردستان.

ئەوەش لەکاتێکدایە، کە ٢٠٠ملیار دینارەكەی عێراق كە پشكی هەرێمی كوردستانە و لە كابینەی مستەفا كازمی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیاری ناردنی دراوە، چەند مانگێكە نانێردێت بۆ هەرێم.

 



AM:10:23:28/08/2022