چوار سەرۆكایەتییەكەی عێراق داواكاریەک ئاراستەی سەدر دەكەن

کۆبوونەوەی هەر چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق كه‌ له‌ كۆشكی سەرۆکایەتی کۆمار بەڕێوەچوو، كۆتایی هات و گفتوگۆ له‌باره‌ی پێشهاتەکانی ئێستای عێراقه‌وه‌ كرا، هەروەها داواش لە هەموو هێزە سیاسییه‌كان كرا لەم بارودۆخەی ئێستادا بەرپرسیارێتی بگرنە ئەستۆ.

بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەی چوار سەرۆكایەتییەكەی عێراق، ئەمڕۆ لە كۆشكی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق ھەریەكە لە بەرھەم ساڵح، سەرۆك كۆمار، مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران، محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمان و دادوەر فایەق زێدان، سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری عێراق  بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتە سیاسییەكان كۆبوونەوە و جەخت لەسەر پاراستنی ئاسایش، دەستوور و سەقامگیری عێراق دەکەنەوە.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆكایەتییەكان پشتیوانی خۆیان بۆ بانگەوازەكەی مستەفا كازمی دووپاتكردەوە، كە گەڕێكی دیكەی كۆبوونەوەكان لەم هەفتەیەدا ئەنجامبدرێت و گفتوگۆی نیشتمانی لەبارەی چارەسەركردنی قەیرانەكان بكرێت، داواش دەكەن كە ڕەوتی سەدر ئامادەی كۆبوونەوەكە بێت.

لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكەدا داوا لە سەرجەم هێزەكان دەكەن، شەڕی میدیای ڕابگرن، كه‌ كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی وڵات و خەڵك هەبووە. 


PM:02:03:29/08/2022