بەرهەم ساڵح: تێکدانی دامودەزگاکانی دەوڵەت بابەتێکی مەترسیدارە

کەمێک پێش ئێستا سه‌رۆك كۆماری عێراق پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" تێکدانی دامودەزگاکانی دەوڵەت بابەتێکی مەترسیدارە، کە وڵات و بەرژەوەندییەکانی هاوڵاتیان دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە". 

بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتوو" ئەو بارودۆخە دژوارەی وڵاتەكەمانی پیایدا تێپەڕدەبێت دەخوازێت پابەندی ئارامی و خۆكۆنتڕۆڵكردن و ڕێگری لە بارگرژیی زیاتر بكەن". 

ئەوەشی خستەڕوو، خۆپیشاندانی ئاشتییانە و ڕادەربڕین مافێكە لە دەستووردا گەرەنتی كراوە، بەڵام پەكخستنی دامەزراوەكانی دەوڵەت كارێكی مەترسیدارە، وڵات و بەرژەوەندییەكانی هاوڵاتییان دەخاتە بەردەم مەترسی گەورە". 

سەرۆک کۆمار داواش لە خۆپیشاندەران دەكات، لە دامەزراوە فەرمییەكان بكشێنەوە و ڕێگە لە بەردەم هێزە ئەمنییەكاندا بكەنەوە بۆ ئەنجامدانی ئەركەكانیان لە پارێزگاریكردن لە ئاسایش. 

جەختیشیکردەوە، پێشهات و ڕووداوەکان بەرپرسیارێتییەکی زیاتر دەخاتە ئەستۆی هێزە نیشتمانییەکان بۆ وەلانانی جیاوازییەکان، هەروەها ڕێگری لە توندوتیژی و ڕژانی خوێنی بەنرخی عێراقییەکان دەکات. 


PM:05:43:29/08/2022