ئەمەریكا داوایەكی بەپەلە لە عێراقییەكان دەكات


باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا داوای لە سەرجەم لایەنەكانی عێراق كرد دەست بە گفتوگۆ بكەن بۆ چارەسەركردنی كێشە و ئاڵۆزییەكان.  

باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا لە ڕاگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "ئاڵۆزی و نائارامییەكانی ئەمڕۆ لە سەرانسەری عێراق جێگەی نیگەرانییە، چونكە ڕێگە بە دامەزراوەكانی عێراق نادرێت كاربكەن."  

هەروەها ئاماژەی بەوەكردوە "ئەمەریكا نیگەرانە لە پەرەسەندنی گرژییەكان و داوا لە هەموو لایەنەكان دەكات كە ئاشتیانە بمێننەوە و خۆیان لەو كردەوانە بەدوور بگرن كە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی توندوتیژی."  

باڵیۆزخانەی ئەمریكا دەڵێت، "نابێت ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری عێراق بخرێتە مەترسییەوە، ئێستا كاتی گفتوگۆیە بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان نەك بە ڕووبەڕووبوونەوە."  



PM:07:26:29/08/2022