موقتەدا سەدر: لە ماوەی (٦٠) خولەک دەبێت تەقە و خۆپیشاندان کۆتایی بێت

موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر ڕایدەگەیەنێت" لە ماوەی ٦٠ خوولەک دەبێت تەقە و خۆپیشاندان کۆتایی بێت". 
 
لە کۆنگرەیەکی ڕۆنامەوانی کورتدا موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر ڕایگەیاند" هەر کەسێک بە خۆپیشاندەر و چەکدارانەوە لە ماوەی (٦٠) خوولەک شەڕ ڕانەگرێت، من بێبەریم لەوانە". 

سەرکردەی تەیاری سەدر جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە نابێت خۆپیشاندانیش بمێنێت و دەبێت کۆتایی بێت. 

لە وتەکەیدا سەدر هەندێک لە میلیشاکانی بە "قێزەون" ناوزەند کرد، سوپاسی هێزە ئەمنییەکانی کرد، کە تەقەیان لە خۆپیشاندەران نەکردووە. 

هەروەها لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا ڕێبەری ڕەوتی سەدر ڕەخنەی لە شۆڕشەکەی خۆی گرت، کە بەرەو توندوتیژی ڕۆشتووە و وتی" خوێنی عێراقییەک لە هەر کەسێک بێت حەرامە". 

نیوەرۆى دوێنێ دووشەممە موقتەدا سەدر، ڕابەری ڕەوتی سەدر لە تویتێکدا لە پەڕەى تایبەتی خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى تویتەر بڵاویکردەوە، دەستبەرداری کاری سیاسی دەبێت و سەرجەم دامەزراوەکانی ڕەوتی سەدر دادەخات، جگە لە مەزارگەی ئالی سەدر، مۆزەخانە و دەستەی کەلەپووریی بنەماڵەی سەدر.


PM:01:08:30/08/2022