ئاسایشی سلێمانی دەستگیركردنی دوو "تیرۆریستی داعش"ی دیكەی راگەیاند


ئاسایشی سلێمانی رایدەگەیەنێت، دوو تۆمەتباری دیكەی گروپی "تیرۆیستی داعش"یان دەستگیركردووە كە لەسەر پۆستێكی فەیسبووك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پشتیوانی خۆیان بۆ وێنە و دروشمی داعش دەربڕیوە. 
 
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی رایگەیاندووە "پاش بڵاوبوونەوەی وێنە و دروشمی داعش لە هەژماری تایبەتیی ( ھ ، م ، ع) لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك، كە ( ھ ، م ، ع ) دانیشتووی قەزای بازیانە، تۆمەتبارێكی دیكە بە ناوی ( د ، ف ، ك ) لەسەر وێنە و پۆستەكە پشتیوانیی خۆی دەربڕی بۆ بابەتەكه".
 
ئاسایشی سلێمانی ئاماژەی بەوەكردووە دوای بەدواداچوونێكی ورد، هێزەكانمان توانیان شوێنی تۆمەتبارەكان ئاشكرا بكەن و دواتر لە ئۆپەراسیۆنێكی تایبەتدا هەردوو تۆمەتبارەكە لە بازیان دەستگیر بكەن". 
 
هەروەها دەڵێت "لە 27-08-2022 ئەو دوو تۆمەتبارەی دیكەش دەستگیركران كە لەسەر بڕیاری دادوەری دادگەی لێكۆڵینەوە بووە و بەپێی ماددەی (2)ی تێرۆر لە لایەن هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی بووە و رووبەڕووی یاسا كراونەتەوە".



PM:07:54:31/08/2022