مەترسییەك لەسەر "دابەشكردنی مووچەی سلێمانی" ئاشكرا دەكرێت


عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری كوردستان رایدەگەیەنێت، لە سلێمانی 135 ملیار لە داهاتی ئەم مانگەی شارەكە بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی موچەی مانگەكانی ڕابردو تەرخانكراوە، بۆیە ئەگەر دۆخەكە بەو شێوەیەش بڕوات ئەوا لە مانگەكانی داهاتودا موچەیەكی تەواوی موچەخۆرانی سلێمانی دەفەوتێت.
 
عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند "تائێستا  نزیكەی 950 بەڵێندەر لە هەرێمی كوردستان بە تەواوەتی مایەپوچبون و كەوتونەتە ژێر باری قەرزێكی زۆرەوە، بەهۆی سەرفنەكردنی چەكی بانكیەوە سەرمایەدار هەبوە كە كۆتای بە ژیانی خۆی هێناوە". 

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "بەپێی ئەو ڕێككەوتنانەی كە لەنێوان پارتی و یەكێتیدا هەیە بۆ تەواوكاری موچە پێویستە سلێمانی لە داهاتی خۆی نزیكەی 90 ملیار دینار تەرخان بكات كە 75 ملیار دیناری بۆ موچەی سلێمانی خۆیەتی و 15 ملیارەكەی دیكەش بۆ موچەی دامەزراوە سیادییەكان بێت، نزیكەی 30 ملیار دیناریش بۆ نەسرییەی هێزە ئەمنییەكانە، بەڵام دەسەڵاتدارانی سلێمانی دەڵێن داهاتی ناوخۆ تەنها 70 بۆ 80 ملیار دینارە، بەو پێیەش ئەگەر هیچ پڕۆژەیەكیش لەو سنورە جێبەجێ نەكرێت هێشتا 30 ملیار دینار كورتهێنان لە بودجەی سلێمانی هەیە".

عەلی حەمە ساڵح دەڵێت "كورتهێنانی داهاتی سلێمانی مانگانە لە داهاتی نەوتی مانگی ڕابردو پڕدەكرێتەوە، بۆ نمونە مانگی ڕابردوو لە سلێمانی 44 ملیار كورتهێنان لە پارەی موچەدا هەبووە بۆ پڕكردنەوەی ئەو كورتهێنانە لە داهاتی نەوتی مانگی (ئاب/8)كورتهێنانەكەیان پڕكردوەتەوە بەو پێیەش كە هێشتا موچەی مانگی (ئاب/8) دابەشنەكراوە، لە سلێمانی 135 ملیار دینار دراوە بە موچە ئەگەر دۆخەكەش بەو شێوەیە بڕوات ئەوا لە "چەند مانگی داهاتو موچەی مانگێكی تەواوی فەرمانبەرانی سلێمانی دەفەوتێت."



PM:05:12:01/09/2022