"قەرزی پاڵپشتی بە پڕۆژەی جوتیاران دەدرێت"

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" لە نێوان (١٥ بۆ ١٠٠) ملیۆن دینار قەرزی پاڵپشتی بە پڕۆژەی جووتیاران دەدرێت". 

دکتۆرە زیدە محەمەد کەریم بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە لێدوانێکدا بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری سەر بە حکومەتی هەرێمی ڕاگەیاند" ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو تاوتوێی جۆرێک لێکتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و بانکی ئەلقورتاسی ئیسلامی کرا بە مەبەستی وەرگرتنی پاڵپشتیی پێدانی قەرزی کشتوکاڵی بۆ ئەو جووتیارانەی کە بیرۆکەی بنیادنانی پڕۆژەی بچووک و مامناوەندییان لە سێکتەری کشتوکاڵی و پیشەسازیی کشتوکاڵی هەیە". 

ئاماژەی بەوەشکرد، بانکی ئەلقورتاسی ئیسلامی لقێکی بانکی ناوەندیی عێراقە و قەرزی کشتوکاڵی و پیشەسازی بەو هاووڵاتییانە دەدات کە پڕۆژەی مامناوەند، یان بچووکیان هەیە، ئێمە لە وەزارەتی کشتوکاڵ سەیری پڕۆپۆزەڵی ئەو کەسە دەکەین کە دەیەوێت قەرزەکە وەربگرێت، ئەگەر لە ڕووی یاسایی و گرێبەست و ئەو زەوییەی پڕۆژەکەی لەسەر ئەنجام دەدات هیچ کێشەیەکی نەبێت و توانای ئەوەی هەبێت پڕۆژەکە تەواو بکات ئەوا ئێمە پشتگیریی وەزارەتی پێ دەدەین و دواتر کارەکانی دیکەی وەرگرتنی قەرزەکە لەگەڵ بانکەکە تەواو دەبێت و هیچ پەیوەندیی بە ئێمەوە نامێنێت.

سەبارەت بە بڕی قەرزەکە و چۆنییەتی وەرگرتنەوەی قەرزەکە بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو باسی لەوەکرد، بڕی قەرزەکە لە نێوان (١٥ بۆ ١٠٠) ملیۆن دینار دەبێت و ماوەی وەرگرتنەوەشی پێنج ساڵ دەبێت و بۆ هەندێک پڕۆژەش حەوت ساڵە. 

ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە ئەو کەسەی داوای قەرزەکە دەکات کەفیلێک دابنێت و دوای تەواوکردنی یادداشتەکە لە نێوان ئێمە و بانکی ناوبراو ڕێکارەکانی وەرگرتنی قەرزەکە دەست پێ دەکات و هاووڵاتییان دەتوانن مامەڵەکانیان پێشکەش بکەن.

ئاشکرایشیکردووە، ئەو بانکە پارەی کاش ناداتە هاووڵاتییان، بەڵکوو سەیری پرۆپۆزەڵی پێشکەشکراو دەکات و پڕۆژەکە پێویستی بە چی هەبێت لە ئامێر و پێداویستی بۆی دابین دەکات تاکوو پڕۆژەکە دەست بەکار دەکات.


PM:06:34:02/09/2022