هێرشكرایە سەر بنكەیەكی سەربازی ئەمەریكا


رۆژی چوارشەممەی رابردوو چەند مووشەكێك ئاراستەی بنكەی سەربازی هێزەكانی ئەمەریكا لە نزیك كێڵگەی نەوتی (العمر) كرا، بەهۆیەوە 3 سەربازی ئەمەریكی برینداربوون، كە ئەوەش پێنجەمین هێرشبوو لەو مانگەدا بۆ سەر ئەو بنكە سەربازییە.

كێڵگەی نەوتی (العمر) بە گەورەترین كێڵگەی نەوتی سووریا دادەنرێت، دەكەوێـتە رۆژهەڵاتی پارێزگای دێرەزوور، تەلەفزیۆنی فەرمی سوریا لەو بارەیەوە بڵاویكردەوە، دەنگی چەند تەقینەوەیەك لە كێڵگەی نەوتی (العمر) بیستراوە كە گەورەترین بنكەی سەربازی هێزەكانی ئەمەریكای لێیە، هەروەها ئاژانسی (سپوتینك)ی روسی ئاشكرایكردووە، هۆكاری تەقینەوەكان لەو كێڵگە نەوتییە، لە ئەنجامی هێرشی مووشەكی بووە، كە ناوچەی سەوزی نزیك لە كێڵگەی نەوتی ناوبراوی كردووەتە ئامانج.

هەر بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ، ئەو ناوچەیە جیا لەوەی كێڵگەیەكی نەوتی لێیە و هێزەكانی ئەمەریكاش بنكەی سەربازی خۆیان تێدا جێگیركردووە، هێرشەكە لەرێی سێ مووشەكی كاتیۆشاوە ئەنجامدراوە، تاكو ئێستا هیچ لایەنێك بەرپرسیارییەتی ئەو هێرشەی لە ئەستۆ نەگرتووە.

سەبارەت بە قەبارەی زیانەكان، هێزەكانی ئەمەریكا هیچ راگەیەندراوێكیان بڵاونەكردووەتەوە، بەڵام شایەتحاڵەكان بە ئاژانسی (سپوتینك)یان راگەیاندووە، چەند ئۆتۆمبێلێكی فریاكەوتنیان بینیوە بەرەو ناوچەی سەوزی بنكەی سەربازی هێزەكانی ئەمەریكا رۆیشتووە.



AM:12:37:04/09/2022