هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم دەدرێنە دادگا

لەسەر سێ داوای یاسایی سەرنووسەری ماڵپەڕی پەرەگراف، ڕۆژی ٦ی ئەم مانگە هەریەک لە سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی پەرلەمان لە دادگای بەرایی سلێمانی داداگایی دەکرێن. 

بەپێی هەواڵێکی سایتی پەرەگراف، داوایاساییەکانی سەرنوسەری پەرەگراف بەپێی یاسای مافی دەسکەوتنی زانیاری لە هەرێمی کوردستان (ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠١٣) تۆمارکراون، ئەوەش دوای ئەوەی پەرەگراف لە ٢٨-٦-٢٠٢٢دا بەپێی ئەو یاسایە و بە نووسراوی فەرمی لە ڕێگەی هۆشداری دادنووسی سلێمانی، کە سەر بە وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمە، داوای زانیاری لە سەرۆکی هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم کرد.

ئاماژەی بەوەشکردووە، زانیارییە داواکراوەکە تایبەتە بە بودجە و وردەکاری خەرجی هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم لەم خولەی دەستبەکاربوونیاندا.

ئەوەشی خستەڕوو، سەرنوسەری پەرەگراف بەپێی یاسای مافی دەسکەوتنی زانیاری لە ڕۆژی ٤ی ئابی ٢٠٢٢ لە دادگای بەرای سلێمانی، دوو داوای یاسایی لەسەر هەریەکە لە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم تۆمارکرد، هەروەها لە ٢٤-٨-٢٠٢٢ دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە (١٠) ڕۆژ لە گەیشتنی هۆشدارییەکە بە سەرۆکی پەرلەمان و وەڵام نەدانەوەی، سەرنووسەری پەرەگراف داوایەکی لەسەر ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکرد.

ئاشکراشیکرد، دادوەر ڕێکەوتی ٦-٩-٢٠٢٢ی دیاریکرد بۆ دادبینی هەرسێ داواکە و پسوڵەی پێڕاگەیاندننامەی بۆ داوا لەسەر کراوان دەرکرد تا خۆیان یاخود بریکاریان لە دادگا ئامادەبن.

یاسای مافی دەسکەوتنی زانیاری لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی (٢٠١٣)وە دەرچووە، بەڵام تائیستا حکومەتی هەرێم ڕێنمایی دەرنەکردووە بۆ جێبەجێکردنی یاساکە لەلایەن دامودەزگا حکومییەکانەوە. 


PM:09:50:04/09/2022