پەیامێكی نوێ لە سەدرەوە


موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، داوا لە هاوڵاتیان دەكات رێز لەمەراسیمی چلەی ئیمام حسێن بگرن و هێزە چەكدارەكان تێكەڵی ئەو مەراسیمە نەبن.

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە پەیامێكدا رایگەیاندووە "پێویستە پارێزگاری لە ئاشتییانە بەڕێوەچوونی زیارەتی چلەی ئەمساڵ بكرێت".

سەدر ئاماژەی بەوەكردووە "هەندێك لایەن هەن، دەیانەوێت ناكۆكیی و ئاژاوە بچێنن، داوا دەكەم دەرفەت نەدرێتە ئەوانە، جا پاشماوەی بەعسی سەدامی بن، یان هەر بێ شەرمێك، جا لە لایەكەوە بێت، بە تایبەتی لە كاتێكدا، ئەم زیارەتە خەڵكی دیكەی دەرەكیشی تێدا دەبێت و تایبەت نییە بە زیارەتكارانی عێراقی".

هەروەها دەڵێت "هەر كەسێك سوكایەتی و توندوتیژی و ئازاردان و بەریەككەوتن یان هەر شتێكی لەو جۆرەی هەبێت، ئەوا ئێمە لێی بێبەرین و پێویستە لایەنی تایبەتمەند ئاگادار بكرێتەوە و رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر بگیرێتەبەر".

سەدر وتویەتی "هیچ كەسێك مافی ئەوەی نییە وەڵامی ئەو جۆرە رەفتارانە بداتەوە و هەموومان دەمانەوێت لە خزمەتی پێشەوا حوسێندا بین و زیادەڕۆیی لە درووشم و پیرۆزییەكان نەكرێت و رازی نین جارێكی دیكە رووداوەكانی شەعبانییە و هاوشێوەكانی دووبارە ببنەوە، عێراق ئەمانەته و لە گەردنی هەمووماندایە بێ ریزپەڕ".

سەدر دەڵێت "پێویستە هیچ كام لە سریەكانی سەلام و حەشدی شەعبی و هیچ گرووپێكی چەكدار نەچنە ناو رێوڕەسمەكانەوە و ئەركی پاراستنی رێوڕەسمەكە تایبەتە بە هێزە ئەمنییەكان".

چلەی ئیمام حوسێن
 
بەپێی سەرچاوە مێژووییەكان، ئیمام حوسێن كچەزای محەممەد، پێغەمبەری ئیسلام (دروودی خودای لەسەر بێت) لە شاری كەربەلا، لەگەڵ خێزان و دەیان لە كەسوكار و لایەنگرانی لە ساڵی 680ـی زایینی و لەسەر دەستی لایەنگرانی یەزیدی كوڕی موعاوییە، خەلیفەی ئەمەوییەكان كوژرا.
 
سەرچاوە مێژووییەكان باس لەوەش دەكەن، كوژرانی ئیمام حوسێن كۆتایی بە ململانێی نێوان ئیمام حوسێن و یەزیدی كوڕی موعاوییە و لایەنگرانی هەردوولا هێنا، چونكە ئیمام حوسێن دانی بە خەلافەتی یەزید-دا نەدەنا و هەوڵی رووخاندنی دەدا.
 
رێوڕەسمی چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن هەموو ساڵێك لە 20ی مانگی سەفەر/كۆچی لە عێراق و چەند وڵاتێكی دیكە بەڕێوەدەچێت. سەدان هەزار لە باوەڕدارانی شیعە سەردانی مەزارگەی ئیمام حوسێن لە كەربەلا دەكەن و بە چەندین شێواز ماتەمینی دەگێڕن.



PM:08:11:06/09/2022