وەزیری دارایی و ئابوری بەردەوامە لە کۆبوونەوەکانی
بۆ چارەسەرکردنی گرفتە دارایی و ئەو قەرزە کەڵەکەبووانەی کە لە ماوەی ڕابردوو
بەھەر ھۆکارێک نەدراونەتەوە.
ئەمڕۆ پێنج شەممە، لە ڕاگەیەنراوێکدا وەزارەتی
دارایی هەرێم ڕایگەیاند، "ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی
ھەرێم، ھاوشێوەی ماوەکانی ڕابردوو بەمەبەستی بەدواداچوونی مەیدانی بۆ گرفتە دارایی
و کارگێڕییەکان لە سنوری پارێزگای سلێمانی، بەئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی بانکی ھەرێم/
سلێمانی، لەگەڵ سەرۆک و سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی شارەکە کۆبووەوە. "
لەو کۆبوونەوەیەدا باسی ئەوەشکراوە، وەزیری
دارایی و ئابوری دوای گوێگرتن لە داواکاری و پێشنیارەکانی سەرجەم بەڕێوەبەرە گشتییەکان،
لەمپەرەکانی بەردەم کۆکردنەوەی داھات و مووچەی مووچەخۆران و پڕۆژە ستراتیژی و خزمەتگوزارییەکانی
خستەڕوو.
وەزیری دارایی ئاماژەی بەوەکردووە، ھەموو ھەوڵێک
دەدەن بۆ ئەوەی گرفت و ئاستەنگە دارایی و کارگێڕییەکانی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییە گشتیەکان نەھێڵن و
کارئاسانی لەبەردەم ھاووڵاتیانیش بکرێت بۆ دانەوەی ئەو قەرزە کەڵەکەبووانەی کە لە
ماوەی ڕابردوو بەھەر ھۆکارێک نەدراونەتەوە.