جێبەجێکردنى ژمارەیەک پرۆژە لە سلێمانى راگەیەندرا

ئەمڕۆ یەکشەممە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا لەسەر جێبەجێکردنی هەردوو پڕۆژەی گەشتیاری چەمی قلیاسان- چەقچەق و پڕۆژەی نمونەیی گەشتیاری شاخی گۆیژە.

بەپێی راگەیەنراوی کۆبوونەوەکە کە وێنەیەکى دەست ماڵپەڕی (سپی) کەوتووە تێیدا هاتووە" لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی دۆخی خزمەتگوزارییەکان لە شاری سلێمانی و هەڵسەنگاندنیش کرا بۆ کارەکانی یەک هەفتەی رابردووی بەڕێوەبەرایەتییەکانی سلێمانی، دەرکەوت لە ماوەی یەک هەفتەدا مامەڵەی زیاتر لە ٥٠ پڕۆژەی وەبەرهێنان تەواوبووە، هەروەها سایدپلانی زۆربەی پڕۆژەکانیش تەواوکراوە و بە زوویی دەکەونە بواری جێبەجێ کردنەوە". 

لە تەورێكی دیکەی کۆبوونەوەکەدا پڕۆژەی پێنج زۆنی گەشتیاری چەمی قلیاسان - چەقچەق و پڕۆژەی گەشتیاری نمونەیی شاخی گۆیژە پەسند کرا، کە هەردووکیان پڕۆژەی ستراتیژی گەشتیاریین، لەگەڵ ئەو دوو پڕۆژەیەدا چەندین پڕۆژەی دیکەش پەسندکران لەوانە چەند پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون بۆ فەرمانبەرانی حکومی لە سلێمانی و زەوی پێویستیشیان بۆ دابین کرا.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆکی حکومەت داواشی لە بەڕێوەبەرایەتییەکان کرد بەردەوامبن لەسەر ئەم هەماهەنگییەی لە نێوان بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەکاندا دروست بووە، با چیتر مامەڵەی وەبەرهێنەران و هاوڵاتیان بەهۆی رۆتین و نەبوونی هەماهەنگی لەنێوان دامودەزگاکانی حکومەتدا دوانەکەوێت.


PM:06:02:11/09/2022