جوتیار عادل: بۆیەکەم جار بێ بەغدا مووچەی فەرمانبەران دابەش دەکرێت

جوتیار عادل رایگەیاند، "لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ یەکەمینجار توانراوە بەبێ پارەی بەغدا و تەنها بە داهاتی خۆی مووچەی فەرمانبەران بدات".

ئەمڕۆ سێشەممە١٣ی ئەیلول،  جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا باسی لەوەکرد، سەرەڕای ئەو ئاستەنگ و گەمارۆ ئابووریانەی خراونەتە سەر حکومەتە، بۆ یەکەمینجار توانیومانە لە رێگەی چەند سەرچاوەیەکی داهاتەوە بەبێ پاڵپشتی دارایی حکومەتی عێراق مووچە دابین بکەین ".

وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە ڕۆژنامەوەنییەکەیدا، وەڵامی نەوەی نوێ دەداتەوە و دەڵێت "٪٥٥ـی داهاتی نەوتی فرۆشراو بۆ خەرجییەکانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن و کۆگاکردنی نەوت دەڕوات و ٤٥٪ـیشی بە پوختی دەگەڕێتەوە خەزێنەی حکومەت. ئاماژەی بەوەشدا، لە سێ ساڵی رابردوودا داهاتی نەوتی و نا نەوتی: ٤٦.٣ ترلیۆن دینار بووە و خەرجییەکانى حکومەت لەم سێ ساڵەدا ٤٩.٨ ترلیۆن دینار بووە و بەکارهاتووە بۆ پێدانی موچە و وەبەرهێنان و دانەوەی قەرز و خەرجیەکانی وێستگەکانی کارەبا."

ئاماژەی بەوەشدا، حکومەت سەرەڕای پێدانی موچە، بەردەوامی داوە بە پڕۆژە پێویستەکان کە ٨٨٤ پرۆژەن بە بڕی ٨٤٠ ملیار دینار و لەو بڕە ٣٢٩ ملیار دینار بۆ خەرجی رێگاوبان تەرخانکراوە.

جوتیار عادل وتیشی " حکومەت سەرجەم خەرجی و داهاتەکانی بەشێوەی شەفاف بۆ رای گشتی بڵاوکردووەتەوە ".

 



 



PM:02:11:13/09/2022