تائێستا زیاتر لە ٥٠ هەزار شیعە بۆ چلەی ئیمام حسێن هاتونەتە كوردستان


حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، تائێستا زیاتر لە ٥٠ هەزار گەشتیاری شیعە لە كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆ بەشداریكردن لە چلەی ئیمام حسێن لە شارەكانی نەجەف و كەربەلا، هاتوونەتە هەرێمی كوردستان.

هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاندووە، 'دوای سەردانی پارێزگاری هەولێر بۆ شاری ورمێ و دواتریش سەردانی پارێزگاری ورمێ بۆ شاری هەولێر، لەسەر چەند خاڵێك ڕێككەوتن، لەوانە كارئاسانیكردن بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە مەرزی حاجی ئۆمەران و تەمەرچین، بۆیە ئەوانیش لە مەرزی حاجی ئۆمەران ٢٠ كابینه و فەرمانبەریان زیاد كرد بۆ ڕاییكردنی مامەڵەی هاوڵاتیان و پێداویستی دیكە.

هەر بەپێی هەواڵەكەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، لەرۆژی ٥ی ئەیلولەوه تاكو ئێستا زیاتر لە ٥٠ هەزار زیارەتكاری شیعە لە كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە رێگەی دەروازەكانی هەرێمی كوردستانەوە سەردانی هەرێمیان كردووە.

هەروەها هاتووە "بەپێی ئەو ڕێككەوتنەی كە هەیە  بڕیارە تەنیا لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە ٥٠٠ هەزار زیارەتكار بێنە هەرێمی كوردستان و دواتریش بۆ نەجەف و كەربەلا بەڕێبكەون، ئەم پرۆسەیەش بەردەوام دەبێت تاكو ١٧ی مانگی ئەیلول".



PM:08:48:14/09/2022