داوای مانگرتنی سەرتاسەری لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێت


بەهۆی گیان لە دەستدانی ژینا ( مەهسا ) ئەمینی لە زیندانێکی تاراندا و بەرفراوانبوونی ناڕەزایەتییەکان، ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران بانگەوازی مانگرتن دەکەن لەسەرجەم شار و شارۆچەكەکانی كوردستان.

لە راگەیاندنێکدا کە دانەیەکی بۆ " سپی " نێردراوە، ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران هاتووە" وەك ئاگادارن ژینا (مەهسا) ئەمینی، كچە لاوی كورد كە چەند رۆژ پێشتر لە شاری تاران لەلایەن هێزە سەركوتگەرەكانی كۆماری ئیسلامییەوە بەسەختی لێیدرابوو، رۆژی هەینی ٢٥ی خەرمانان بەهۆی سەختی برینەكانیەوە گیانی لەدەستدا". 

ئەو ناوەندە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە پێشتریش شلێر رەسوڵی لەشاری مەریوان بۆ پاراستنی خۆی لە دەستدرێژی بەكرێگیراوێكی رژیم گیانی بەخت كرد.

ئەو ناوەندە کە سەرجەم هێزە کوردیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتۆتەخۆی داوا داوا لە سەرجەم چین و توێژەكانی خەڵكی كوردستان دەكەن بۆ دەربڕینی ناڕەزایی دژ بە سیاسەتە نامرۆییەكانی رژێم و بۆ پارێزگاری لەكەرامەتی كچان و ژنان‌و رۆڵەكانی گەلی كورد، رۆژی دووشەممە ٢٨ی خەرمانان بە داخستنی دوكان و بازاڕەكان و نەچوونە سەركارەكانیان مانگرتنێكی گشتیی و شكۆدار رابگەیەنن.

ناوەندی هاوکاری داوا لەسەرجەم حیزب و لایەنە سیاسییەكان و، رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی، هەڵسوڕاوانی مافی مرۆڤ دەكەن بە دەم ئەم بانگەوازەوە بچن تا بە هاودەنگی و هاوپشتی یەكتر وەڵامێكی توند بە كۆماری ئیسلامی بدەینەوە.( وەک ناوەندەکە دەڵێن).



PM:10:56:16/09/2022