لەبارەی باری تەندروستی عادل ئیمام ڕوونکردنەوە دەدرێت

دوای ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە عادل ئیمام، هونەرمەندی ناوداری میسری توشی نەخۆشی زەهایمر بووە، براکەی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.

عیسام ئیمام برای عادل ئیمام، کە هاوکات بەرهەمهێنەریشە لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە" ئەو دەنگۆیانە هیچ بنەمایەکیان نییە و ئەوانەی ئەو دەنگۆیانە بڵاودەکەنەوە دەیانەوێت لەسەر ناوی عادل ئیمامی گەورە بەناوبانگ بن".

جەختیشیکردەوە، دڵنیایی دەدەمە هەموو بینەرەکانی، کە تەندروستی ئەو باشە و ئەوەی دەوترێت هیچ بنەمایەکی نییە. 

ئەمە لە کاتێکدایە، ماوەیەکە دەنگۆی ئەوە لە ئارادایە دووبارە عادل ئیمام لە بەرهەمێکی نوێدا دەربکەوێتەوە، کە لە دەرهێنانی کوڕەکەیەتی بەناوی رامی، بەڵام هێشتا هیچ لێدوانێکی فەرمی نەدراوە لەبارەیەوە.

عادل ئیمام كە بە زەعیمی كۆمیدیای عەرەبی ناسراوە لە ساڵی ١٩٤٠ لەدایكبووە، بۆ یەكەمینجار ساڵی ١٩٦٠ دەستی بە كاری نواندن كردووە، وەك ئەكتەری سەرەكی بەشداری لە ٤٢ فلم و ١٣ شانۆی و ١٩ درامای تەلەفزیۆنیدا كردووە، فلمەكانی عادل ئیمام پڕداهاترینن لە مێژووی سینەمای میسری دا.


AM:10:09:17/09/2022