بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە بە ئامادەبوونی وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و بەرپرسانی پەروەردە، باخچەی منداڵانی ئەختەری سام ئاغا کرایەوە.
ئەمڕۆ جەلالی سام ئاغا سەرۆكی پێشووی دیوانی چاودێری دارایی سلێمانی و كەسایەتی دیاری سلێمانی لە كارێكی نوێی خێرخوازیدا، لەسەر ئەركی خۆی و خوشكێكی، باخچەیەكی ساوایانی لە گەڕەكی زەرگەتەی شاری سلێمانی کردەوە و پێشكەشی كەرتی پەروەردەی کرد.
باخچەی ساوایانی ئەختەری عومەری سام ئاغا، ئەو باخچە نوێیەیە، كە لەسەر ئەركی جەلالی سام ئاغا و ئەختەری خوشكی، بە تێچووی ٤٠٠ هەزار دۆلار لەسەر ڕووبەری ١٨٠٠ مەتر دووجا زەوی دروست کراوە.
لە ماوەکانی ڕابردووشدا جەلالی سام ئاغا و بنەماڵەكەی چەندین كاری دیكەی خێرخوازییان ئەنجامداوە.