"مەترسی"یەكی گەورە لەسەر مووچەی سلێمانی راگەیەنرا


پەرلەمانتارێكی كوردستان رایدەگەیەنێت، بەهۆی نەمانی پارە لە بانكەكانی سلێمانی، مانگی داهاتوو مووچەی ئەم ناوچەیە نادرێت.

عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە "لە سلێمانی بە بڕی چوار ملیار دینار زەوی فرۆشراوە لەبری ئەوەی بكرێت بەخزمەتگوزاری پارەكەی بردراوە و بۆ موچە بەكارهێندراوە،  جگە لەوەش پارەی وەبەرهێنەرانیش بردراوە كە یەكێك مۆڵەتی پرۆژەیەك وەردەگرێت، بەشێك لە تێچوی پرۆژەكە لە بانك دادەنێت، هەروەها پارەی خەڵك كە لەبانكەكان دایان ناوە ئەوەش بردراوە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "ئێستا لەبانكەكانی سلێمانی پارە نەماوە وەكو لوبنان، بەمەش لەمانگی ئایندەوە كێشە بۆ موچەخۆران دروست دەبێت، جگە لەوەی هەمو پرۆژەكان راگیراون، 300 ملیار دیناریش كورتهێنان هەیە و ناتوانن موچە بدەن، چونكە پێشتر بەوە پڕیانكردوەتەوە پارەی شێرپەنجە و وەبەرهێنەران و زەوی شارەوانی و پارەی خەڵكیان لەبانكەكان دەرهێناوە، بەڵام ئێستا ئەو پارانەش نەماون".

هەروەها وتویەتی "لە مانگی داهاتوەوە گرفتی گەورە بۆ موچەخۆران دروست دەبێت، داهاتی سلێمانی خۆی ناگاتە 70 ملیار دینار، لەكاتێكدا بۆ موچە 97 ملیار و نیویان پێویستە، بۆ نەسریەش هەموو مانگێك 40 ملیار، بۆیە ئەم دوو ئیدارەیی و بێ ئیدارەییە كە كەس قسەی لەسەر ناكات كوردستان بەرەو لەتبون و كێشە دەبات، بەهەموان دەڵێین، هەرێمی كوردستان لە لەتبوندایە و ناكرێت بەشێكی كوردستان مانگی داهاتو موچە وەربگرێت و بەشەكەی دیكەی وەرینەگرێت". 



PM:08:47:21/09/2022