"لە 7 پارێزگای عێراق هەوڵ بۆ قاچاخبردنی نەوت شكستی هێنا"


دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایدەگەیەنێت، هێزەكانیان لە حەوت پارێزگا شكستیان بە هەوڵێك بۆ قاچاخبردنی بەرهەمە نەوتیەكان هێناوە، 34 تۆمەتباریش دەستگیركراون.

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "لەچوارچێوەی زنجیرەیەك هەڵكوتانە سەر و دانانی بۆسەدا، هێزەكانی ئاسایشی نیشتمانی توانیویانە بە قاچاخكردنی نزیكەی 763 هەزار لیتر لە بەرهەمە نەوتیەكان پوچەڵ بكەنەوە، پرۆسەكانیش لە هەریەك لە پارێزگاكانی (بەغدا - دیالە - كەركوك - نەینەوا - ئەنبار - قادسیە – بەسڕە) ئەنجامدراون، دەستیش بەسەر 10 خەزانی هەڵگرتنی بەرهەمە نەوتیەكان گیراوە". 

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "ئۆپەراسیۆنەكان بونەتە هۆی دەستگیركردنی 34 تۆمەتبار و دەستبەسەرداگرتنی 30 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر، لەگەڵ داخستنی بەنزینخانەیەك، سەپاندنی غەرامەكردن بەسەر نۆ وێستگەی دیكەدا بەهۆی پێشێلكردنی سیستمەكانی دابەشكردنی بەرهەمە نەوتیەكان". 

وەك لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە "سەرجەم ئەو كەلوپەل و ماددانەی دەستیان بەسەردا گیراوە لەگەڵ تۆمەتبارەكان ڕەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەكان كراون بۆ گرتنەبەری رێكارە یاساییەكان".



PM:06:13:24/09/2022