بە درۆن هێرشكرایەوە سەر ماڵی دوو فەرماندەی پارتی


ئێوارەی ئەمڕۆ دوو درۆن هێرشیان كردۆتە سەر ماڵی عەبدوڵڵا كوێخا موبارەك لە چەمچەماڵ، دوای دوورخستنەوەیان چوونەتە بانی مەقان و ماڵی برایەكیان كردۆتە ئامانج، كە بەرپرسێكی سەربازیی پارتییە. 
 
رێبوار سەید ساڵح، بەرپرسی لقی 19ی پارتی لە چەمچەماڵ بە (رووداو)ی راگەیاندووە "سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ دوو درۆن ویستوویانە هێرش بكەنە سەر ماڵی عەبدوڵڵا كوێخا موبارەك لە چەمچەماڵ، بەڵام لەلایەن چەند پێشمەرگەیەكەوە بە چەكی دۆشكە و بیكەیسی تەقەیان لێكراوە و دوورخراونەتەوە".
 
ناوبراو ئاماژەی بەوەكردوە "دوای دوورخستنەوەیان، درۆنەكان چوونەتە بانی مەقان و لەوێ ماڵی مەحمود كوێخا موبارەكی برای عەبدوڵایان كردۆتە ئامانج، كە فەرماندەی فەوجی 35ی تایبەتی كەركووكە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە."  
 
درەنگانی شەوی چوارشەممە 28-09-2022، ماڵی عەبدوڵڵای كوێخا موبارەك لە رێگەی درۆنەوە مووشەكی ئاڕاستەكرا و تەنیا زیانی ماددی هەبوو. 



PM:08:39:02/10/2022