لێدوانی نوێی ئێران سەبارەت بە حیزبە كوردییەكانی رۆژهەڵات لە كوردستان



وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت، وڵاتەكەی هەمیشە رێزی دراوسێكانی گرتوە و یەكەمین وڵاتیش بوون لە شەڕی تیرۆردا پشتیوانی عێراق و هەرێمی كوردستانیان كردوە.

ناسر كەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، كۆبونەوەی گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان دەرفەتێكی باش بوو بۆ دانوستان بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزاكانی سەر ئێران، لە پەراوێزی كۆبونەوەكاندا پەیام لە نێوان ئێران و ئەمریكا ئاڵوگۆڕ كرا، ئێران جەختی كردەوە پابەندە بە گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی باش و بەهێز لە پێناو بەدەستهێنانی ئەنجامێكی ئەرێنی.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد، بەپێی رێككەوتننامەی ڤییەننا، وڵاتان پابەندن بە پاراستنی ئاسایشی باڵیۆزخانەكانیان و وتی بەڵام ژمارەیەك لە باڵیۆزخانەكانمان هێرشیان كراوەتە سەر، بۆیە وەزارەتی دەرەوە جەختی لە پاراستنی ئاسایشی باڵیۆزخانەكانمان كردەوە لە كاتی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكاندا لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتان".

لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە چالاكییە هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە هەرێمی كوردستان، ناسر كەنعانی روونیكردەوە "سیاسەتی بنەڕەتی ئێران لەگەڵ عێراق ڕێزگرتنە لە سەروەری و یەكپارچەیی خاك و یەكڕیزیی ئەم وڵاتە، ئەمە سیاسەتی ئێرانە، لە سەختترین بارودۆخدا كاتێك عێراق لەلایەن گروپە تیرۆریستییەكان لەوانە داعش هێرشی كرایە سەر، ئێران یەكەم وڵات بوو كە یارمەتی عێراقی داوە بۆ بەرگریكردن لە ئاسایشی هاوڵاتییانی عێراق، بەڵام ئێران هەمیشە گرنگی بە زەرورەتی بەكارنەهێنانی خاكی دراوسێ دەدات بۆ هەڕەشەكردن لە وڵاتان".

هەروەها وتیشی "بەداخەوە چەندین ساڵە گروپە تیرۆریستەكان بنكەیان لە نزیك سنورەكانی ئێران دامەزراندوە كە ئاسایشی ئەو وڵاتە تێ كدەدەن و زۆرێك لە هێزە چەكدارەكان و هاوڵاتیانمان لەدەستداوە".



PM:12:58:03/10/2022