لایەنگرانی سەدر هێرشیانكردە سەر كەناڵێك



دوای پەخشكردنی بەرنامەیەكی گفتوگۆ، لایەنگرانی موقتەدا سەدر هەڵیانكوتایە سەر نووسینگەی سەرەكی كەناڵی ئەلڕابیعەی نزیك لە حەشدی شەعبی.

نووسینگەی سەرەكی كەناڵەكە دەكەوێتە ناوچەی كەڕادەی ناوەڕاستی بەغدا، لە كاتی هێرشی سەدرییەكان بۆ سەر كەناڵەكە، لیوا جەواد دەڕاجی، بەڕێوبەری هێزەكانی پاراستنی یاسا بریندار بوو.

بەپێی سەرچاوە ئەمنییەكان، دوای گەیشتنی هێزە ئەمنییەكان بۆ شوێنی رووداوەكە هەوڵیان داوە رێگری لە چوونی سەدرییەكان بۆ سەر كەناڵەكە بكەن، بەڵام ئەوان بەربەستەكانیان تێپەڕاند و چوونە سەر كەناڵەكە.

ئەمەش دوای ئەوە دێت مونا سامی، پێشكەشكاری ناسراوی كەناڵەكە، لە بەرنامەكەیدا، ئاماژەی بە رووداوەكانی ساڵی 2004 كردبوو و رایگەیاندبوو، ئەو كات سوپای مەهدی سەر بە موقتەدا سەدر، چەكی خۆیان فرۆشتە ئەمەریكاییەكان و دەستبەرداری چەك بوون، بەڵام میوانەكەی كە سەر بە رەوتی سەدر بوو رەتیكردەوە.



PM:11:29:04/10/2022