پەشێو بە پەیامێک پشتیوانی خۆی بۆ خەڵكی ئێران دەربڕی


عەبدوڵا پەشێو، شاعیری گەورەی كورد بە پەیامێک پشتگیری خۆی بۆ خۆپیشاندانی خەَكی ئێران دەربڕی كە لە بەرامبەر گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی، خۆپیشاندانیان ساز كردووە.

پەیامی پشتیوانی لە ئازیزان..
وەك چۆن لە ساڵی ٢٠١٠ دا "محەمەد" ێك، لە شاری ”سیدی بوزید"ی توونس، لە داخی هەژاری و بێچارەیی ئاگری لە خۆی بەردا، بە بڵێسەی بەدەنی خۆی هەموو وڵاتی خرۆشاند و رژێمی"بنعەلی"ی ژێروژوور كرد، هەرواش، خۆبەختكردنی"ژینا" ڕۆژهەڵاتی كوردستانی یەكپارچە جۆش دا، ڕق و كینەی ٤٣ ساڵ خەفەكراوی هەموو ئێرانی تەقاندەوە، بەرامبەر "ویلایەتی فەساد" گشت زمان و دیالێكت و نەژاد و مەزەبەكانی خستە ناو سەنگەرێكەوە. 
 (ژن، ژیان، ئازادی) دروشمێكی مژدەبەخشە، نیشانەی ڕۆلی پێشڕەوانەی ژنانە، پڕە لە ئومێدی دواڕۆژێكی جوانتر و درەوشاوەتر بۆ مرۆڤ. ئەوانەی ئەم دروشمە بەرز دەكەنەوە و دەیچڕن سەوداسەری ژیان و ئازادین، پەیامی ڕێنیسانس و خۆخوێندنەوەی سەرتاپێیان هەڵگرتووە. ژینا، بە مەرگی پێشوەختی خۆی، بە هەموو دنیای گوت كە سەپاندنی یەك دین، یەك مەزەب، یەك دروشم، یەك زمان، یەك پۆشاك و یەك ڕەهبەر تونێلێكی تاریكی بێ دەرچەیە، مایەی شەرمەزارییە، دابڕانە لە گیانی سەردەم.
ڕابوونی رۆژهەڵاتی كوردستان و دواتر تێكڕای گەلانی ئێران، نەك هەر بۆ ئێران خۆی، بەڵكو بۆ گشت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیش گرنگە، بۆیە پێویستە بێ دوودڵی، بێ چەندوچۆن، پشتیوانیی لێ بكرێ.
بەڵێ، ڕابوونی جوگرافیایەكی فرەڕەنگی پانوپۆڕ كاریگەرە، بەڵام كاریگەرتر و چارەنووسسازتر پایتەختی دەسەڵات و دەوروبەرەكەیەتی، چونكە پێگەكانی ڕژێمی تێدایە، هەروا، چونكە ئەو زەبروزەنگ و كوشتارەی ڕژێمی ئاخوندان لە كوردستان و بەلوجستان و پەراوێزەكان بەكاریان دێنێ، ناتوانێ بە هەمان شێوە لە پایتەخت پیادەیان بكا، نەك هەر لەبەر ئەوەی لە تەنینەوەی ئاگری نێزیك دەترسێ، بەڵكو لەبەر ئەوەش كە سێنتەری بڕیار پتر چاوی كامیراكانی جیهانی لەسەرە. 
بۆ ئەوەی چنینی بەری ئەو ڕابوونە مسۆگەرتر و پشتگیریی نێونەتەویی كردەكیتر و یەكڕووانەتر بێ، پێویستە هەوڵی سازكردنی پڵاتفۆرمێكی سیاسی بدرێ و بكرێتە نەخشەڕێی سەركەوتن. دەبێ هەمووان لەوە دڵنیا بكرێنەوە كە لە داهاتوودا مۆدێلی فەرمانڕەوایی لەسەر بنەمای ئازادی و یەكسانی و مافی چارەنووس بنیات دەنرێ، هەر لەم ڕێگەیەشەوە، ئێران دەتوانێ ئەو دێوەزمەیەی چۆكی لەسەر سنگی خۆی و مرۆڤایەتی داداوە لاببا و تاریكستانی سەدەكانی ناوەڕاست جێ بهێڵێ.  
نەمری بۆ ژینا.
سەركەوتن بۆ ئازادیخوازان.




PM:07:08:08/10/2022